کاوە کەڵهوڕنیا، هونەرمەندی بەتوانای کورد کۆچی دوایی کرد

دووشەممە، 1ـی کانوونی دووەم 2025، ئاژانسی هەواڵی 'ئیلنا' و تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران، بڵاویان کردەوە "پاش ئەوەی هەفتەی ڕابردوو تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو، ئەمڕۆ کاوە کەڵهوڕنیا، ئاوازدانەری ناودار و ژەنیاری ساز و عود، لە نەخۆشخانەی تەجریش لە تاران، کۆچی دوایی کرد."

ئەم هونەرمەندە بەتوانایە، چەندان کاری موسیقایی هەمەجۆری کوردی، کلاسیکی ئێرانیی دارشتووە و پێشکەش کردووە. لەگەڵ هونەرمەندانی ئاسیایی و ئەورووپایی وەک ئەرداڵ ئەرزنجان، چەندان ئاهەنگ و کۆنسێرتی لە سوید، هۆڵەند و نەمسا کردووە. لە ناوخۆی ئێرانیشدا، بە هاوکاریی گرووپە موسیقییەکانی سایە، تەرەنگ و ڕۆحتاف چەندان کۆنسێرتی پێشکەش کردووە.

کەڵهوڕنیا، ساڵی 1985 لە دایک بووە و جگە لە شارەزایی بواری مۆسیقا و ئاوازدانان، بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری ئامێرە پزیشکییەکاندا لە زانکۆی تەکنۆلۆجیی 'دیلفت' لە هۆڵەندا بەدەست هێناوە. 

سەرباری هەموو توانا و دەستکەوتە بە نرخەکانی، کاوە مرۆڤێکی سادە و بێفیز بوو و هەرگیز حەزی لەخۆ دەرخستن نەدەکرد؛ بەڵام لە زۆربەی چالاکییە هونەری و کولتوورییەکاندا ڕۆڵێکی بەرچاوی دەگێڕا.

ساڵی 2017، بۆ هاوکاریی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی سەرپێڵی زەهاو، لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەندی کورددا، کۆنسێرتی "زایەڵەی کوردی تەرەنگ"یان پێشکەش کرد و سەرجەم داهاتەکەیان بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە تەرخان کرد.

کەڵهوڕنیا، لە زیندوکردنەوەی ئاوازە فۆلکلۆرییە کوردییەکان و کاری هونەرمەندە ناودارەکانی وەک حیشمەتوڵلا لوڕنەژاد و ئیسماعیل خانی مەسقەتی، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو.

بڕیارە هەر ئەمڕۆ، تەرمی ئەو هونەرمەندە بگەڕێنرێتەوە کرماشان و لە گۆڕستانی تایبەتیی هونەرمەندان بە خاک بسپێردرێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment