ترەمپ نەخشەی سەربازیی دژی ڤەنزوێلا دادەڕێژێت
لە هەنگاوێکدا کە بۆنی شەڕ و پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی لێ دێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە نووسینگەی هێلکەیی کۆشکی سپی، کۆبوونەوەیەکی هەستیار و چارەنووسساز لەگەڵ باڵاترین فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکانی وڵاتەکەی ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو بەرانبەر بە ڤەنزوێلا.
بەپێی زانیارییەکان، لەم کۆبوونەوەیەدا کە بڕیارە کاتژمێر پێنجی ئێوارە بە کاتی واشنتن بەڕێوە بچێت، هەریەک لە پیت هیگسیس وەزیری بەرگری و جەنەڕاڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی سوپا و مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوە، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی بەشداری بکەن.
ئەم کۆبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی فشارەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ سەر کاراکاس و جووڵەپێکردنی هێزە دەریاییەکان لە ناوچەی کاریبی.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیامێکی توندی بڵاو کردەوە و هۆشداریی دایە سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و فڕۆکەوانان و تۆڕەکان کە خۆیان لە ئاسمانی ڤەنزوێلا بەدوور بگرن، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە مانگی ئەیلوولەوە سوپای ئەمەریکا بە پاساوی ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان، زنجیرەیەک هێرشی بۆ سەر بەلەم و کەشتییەکان لە دەریای کاریبی دەست پێ کردووە، بێ ئەوەی ئیدارەی ترەمپ تا ئێستا بەڵگەی ڕوونی لەسەر تێوەگلانی ئەو بەلەمانە لە بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکاندا بخاتە ڕوو.
لەلایەکی دیکەوە، فۆلکەر تورک کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و داوای لە واشنتن کردووە لێکۆڵینەوە لە یاساییبوونی ئەو هێرشانە بکات، بەو پێیەی بەڵگەی بەهێز هەن کە ئاماژە بەوە دەکەن ئەو هێرشانە دەچنە خانەی کوشتنی دەرەوەی چوارچێوەی یاسا.
هاوکات لە ناوخۆی ئەمەریکاشدا فشارەکان لەسەر کۆشکی سپی زیادی کردووە، بە جۆرێک ئەندامانی هەردوو پارتى کۆماری و دیموکرات لە لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران دەستیان بە جووڵە کردووە بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل لەسەر یاساییبوونی ئەو ئۆپەراسیۆنانە.
پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و کاراکاس لە سەردەمی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپەوە تا ئێستا لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە، بەڵام لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە ساڵی 2025، ستراتیژیەتی ئەمەریکا بەرانبەر ڤەنزوێلا گۆڕانکاریی بەسەردا هات. ئەگەر پێشتر سزاکان زیاتر ئابووری و دیپلۆماسی بوون، ئێستا ئاڕاستەکە بەرەو بەکارهێنانی هێزی سەربازی و گەمارۆی دەریایی دەچێت.
بیانووی سەرەکیی ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا بریتییە لەوەی کە، حکوومەتی ڤەنزوێلا وەک پردێک بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ناو خاکی ئەمەریکا کار دەکات.
بەڵام زۆرێک لە چاودێران ئەم جووڵە سەربازییانە وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەکەی نیکۆلاس مادۆرۆ و سەپاندنی گۆڕانکاریی سیاسی بە زەبری هێز لەقەڵەم دەدەن، بەتایبەت دوای ئەوەی کە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان گومانیان لە ڕاستیی پرۆپاگەندەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان دروست کردووە.
کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی کۆشکی سپی ڕەنگە خاڵێکی وەرچەرخان بێت لە گۆڕینی شەڕی ساردـی نێوان ئەم دوو وڵاتە بۆ پێکدادانێکی سەربازیی ڕاستەوخۆ.
