بۆچی لە زستان دڵەڕاوکێ زیاد دەکات؟
بە دابەزینی پلەکانی گەرما لە وەرزی زستاندا، ئەگەری دڵەڕاوکێ زیاتر دەبێت، چونکە پلەی گەرمی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر چالاکی ئەندامەکانی جەستە و باری دەروونیی مرۆڤ هەیە.
زیادبوونی دڵەڕاوکێ لە وەرزی زستاندا بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، دیارترینیان ئەمانەن:
یەکەم – کاریگەریی سەرما لەسەر فەرمانەکانی جەستە:
دابەزینی پلەکانی گەرما دەبێتە هۆی چالاککردنی (Sympathetic nervous system)، ئەمەش لێدانی دڵ خێرا دەکات و ئاستی ئەدریناڵین بەرز دەکاتەوە.
هەروەها سەرما، گرژیی ماسوولکەکان و هەستی نائاسوودەیی زیاد دەکات، ئەمەش هەستکردن بە نیگەرانی و دڵەڕاوکێ دروست دەکات.
سەرەڕای ئەمە، کەمیی ڕووناکی لە زستاندا کاریگەری دەکاتە سەر ڕێکخستنی کاتژمێری بایۆلۆجی و هۆرمۆنی سیرۆتۆنین کە بەرپرسە لە خو و ڕەفتار، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.
دووەم – تێکچوونی خەو و چالاکی ڕۆژانە:
شەوانی درێژ و کەشوهەوای سارد هۆکارن بۆ درەنگ هەڵسان لە خەو یان تێکچوونی کاتژمێرەکانی خەوتن، ئەمەش پرسێکی ڕیشەییە بۆ چارەسەرکردنی یادەوەرییە سۆزدارییەکان. کاتێک خەو تێکدەچێت، دەکرێت بیرۆکە نیگەرانکەرەکان کەڵەکە ببن و کاریگەربن بۆ تووشبوون بە دڵەڕاوکێی بەردەوام.
سێیەم – گوشارە ئابوورییە خێزانییەکان:
پێداویستی تەرخانکردنی بودجەیەکی زیادە بۆ گەرمکردنەوە و خۆراک دەبێتە هۆی زیادبوونی نیگەرانی و بیرکردنەوەیەکی نەرێنیانە، وەک: "چۆن ئەم وەرزە تێپەڕێنم؟" یان "ئایا خێزانەکە دەتوانێت بەرگەی زستان بگرێت؟" چەندان بیرکردنەوەی دیکە، کە هەستی ترس لە نەتوانینی خۆگونجاندن زاڵ دەکات.
چوارەم – کەمیی جووڵە و گۆشەگیری:
لە ئەنجامی دابەزینی چالاکیی جەستەیی و کەمبوونەوەی تێکەڵاویی کۆمەڵایەتی، ئەو کاتەی بۆ بیرکردنەوەی ناوەکی تەرخان دەکرێت زیاد دەکات، کە ڕەنگە بگۆڕێت بۆ سیناریۆی نیگەرانکەر و دۆخێکی درێژخایەنی دڵەڕاوکێ، کە کۆنترۆڵکردنی سەختە.
پسپۆران پێیانوایە کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێی زستان دەکرێت لە ڕێگەی پارێزگاریکردن لە خشتەیەکی ڕێکخراوی ڕۆژانە بەرجەستە بکرێت، کاتی دیاریکراو بۆ خەوتن و لەخەوهەستان، ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی مامناوەند، تەنانەت ئەگەر تەنیا پیاسەکردنێکی کورت بێت لە هەوای کراوەدا.
بەگشتی، هەستکردن بە دڵەڕاوکێ لەم وەرزەدا بە کاردانەوەیەکی سروشتی دادەنرێت بۆ بارودۆخە سەختەکان، بەڵام دەکرێت لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی سیستەمێکی ڕێکخراو بۆ تەندروستیی و سۆزداری و چالاکییەکانی ڕۆژانە، کاریگەرییە نەرێنییەکان کەم بکرێنەوە.
