جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران هەفتەیەکی تێپەڕاند
ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا، ئەمڕۆ شەممە هەفتەیەکی تێپەڕاند.
میدیاکانی ئێران رایانگەیاند؛ تاران لە چەندین قۆڵەوە کراوەتە ئامانج. هێرشە ئاسمانییەکان بارەگایەکی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران، دەوروبەری گۆڕەپانی ئازادی و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مێهرابادیان پێکاوە. گرتە ڤیدیۆییەکان ئاگرکەوتنەوەی بەرفراوان لەناو فڕۆکەخانەی مێهراباد نیشان دەدەن.
سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە، شەپۆلێکی بەفراوانی هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی پایتەختی ئێران دەستپێکردووە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، 50 فڕۆکەی جەنگی بنکەرێکی ژێر زەوییان لە کۆمەڵگەی سەر بە علی خامنەیی بۆردومان کردووە. سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات، لە هەفتەی یەکەمدا 80%ـی بەرگریی ئاسمانی و 60% توانا مووشەکییەکانی ئێرانی تێکشکاندووە.
لە بەرامبەردا، ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە جارێکی دیکە هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل، بووە هۆی چالاکبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئەو وڵاتە. هاوکات تاران هەڕەشەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتانەی کەنداو فراوانتر کردووە، میوانداری بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان چڕتر کردووەتەوە و دوای هۆشدارییەکی بۆ چۆڵکردنی ناوچەکانی باشوور، بەیرووتی پایتەختی لوبنانی بۆردومان کرد.
لەسەر ئاستی سیاسی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەموو هەوڵێکی نێوەندگیری رەتکردەوە و لە پەیامێکی تونددا رایگەیاند: "هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا نابێت جگە لە تەسلیمبوونی بێ مەرج."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، دوای گۆڕینی سەرکردایەتی ئێران، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کار دەکەن بۆ رزگارکردنی ئەو وڵاتە لە کارەسات و بەهێزکردنەوەی ئابوورییەکەی. ئەم لێدوانانەی ترەمپ گومانی زیاتری لەسەر ئامانجە کۆتاییەکانی ئەم شەڕە دروستکردووە.
ئەم ئاڵۆزییانە بازاڕە داراییەکانی جیهانی هەژاندووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت، لە کاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەرانە لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا.