بارانی شەوی ڕابردوو، تارانییەکانی لە خنکان ڕزگار کرد

ماوەیەکە هەوای تاران و زۆریک لە شارە گەورەکانی ئێران، بە ڕادەیەکی مەترسیدار پیس بووە، بەڵام بارانی دوێنێ شەو، تا ڕادەیەک هەوای تارانی پاک کردووەتەوە.

پیسبوونی هەوای تاران بەردەوامە، دانیشووانەکەی دەڵێن، دۆخەکە زۆر خراپە و ئەگەر باران نەبارێت خراپتریش دەبێت. دەشڵێن "هۆی سەرەکیی ئەو پیسبوونە، بەکارهێنانی مازۆت و گازی ناستانداردە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و کارگە پیشەسازییەکاندا."  

بەهۆی پیسبوونی هەوای تاران، زۆر جار ناوەندەکانی خوێندن لەو شارە داخراون و کاری بەشی فریاکەوتنی خێرای نەخۆشخانەکان %30 زیادی کردووە، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر کاروکاسبیی خەڵکیش داناوە. ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ئێران ڕایگەیاندووە، بێجگە لە گۆڕانی کەشوهەوا، هۆکاری سەرەکیی ئەو پیسبوونە بەکارهێنانی مازۆت و گازی ناستانداردە.   

بابەک محەممەدی، دانیشتووی تاران، بە کوردستان24ـی گوت:

هەوا زۆر پیسە، ئەگەر باران نەبارێت بەڕاستی خەڵک بێچارە دەبن. ئێستا هەموو شوێنێکیان داخستووە، کاروکاسبی ڕاوەستاوە. بەم تەمەنەوە ناچارم بەو هەوایە بێمە دەرەوە، کێ نانمان بۆ پەیدا بکات؟ پیاوی کرێنشین دەبێ هەموو ڕۆژێک بێتە سەر کار، ژن و منداڵ ئەوە نازانێت، پارەیان دەوێت. بێبارانی و زۆریی ئۆتۆمبێل و خراپی جۆری بەنزین هێندەی دی دۆخەکەیان سەخت کردووە. 

هاووڵاتییەکی خەڵکی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: هەوای کوردستان وەکوو تاران پیس نییە، لە تاران هەناسەکێشان ناخۆشە. 

ئەمیر سەڵەواتی، قوتابیش دەڵێت:

من قوتابیم و زۆر نایەمە دەرەوە، بەڵام هەرکاتێک دێمە دەرەوە سییەکانم ژان دەکەن؛ خۆم نەخۆشیی تەنگەنەفەسیم هەیە، ئەم  هەوا پیسەش بۆ کەسانی وەکوو من زۆر خراپە؛ لە وەرزی زستان و سەرمادا هەوا زۆر پیستر دەبێت. لاموایە بەهۆی سووتاندنی مازۆتەوە زیاتر هەواکە پیس دەبێت.

میدیاکانی ئێران لە زاری پسپۆڕانی ژینگەوە ڕایانگەیاندووە، سووتەمەنیی ئۆرگانی و پیسکەر، هۆکاری هاتوچۆی ماوە بەسەرچوو، کەمبوونەوەی خێرایی با و بەڕێوەبردنی خراپ لەم ساڵانەی دواییدا لە هۆکارەکانی پیسبوونی هەوای تاران و زۆربەی پارێزگاکانی ئێرانن. 

وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکەش ڕایگەیاندووە، ساڵانە زیاتر لە 57 هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی هەواوە گیانیان لەدەست دەدەن.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی 'میهر' دوێنێ شەو تاوە بارانێک تارانی گرتووەتەوە و هەوای شارەکەی تا ڕادەیەک خاوێن کردووەتەوە، بەڵام ئەم دۆخە کاتییە و ئەگەر بارانی دیکەی بەدوادا نەیەت، دووبارە هەوای تاران پیس دەبێتەوە.