لە سلێمانی گەورەترین پێشانگای بەرهەمە ناوخۆییەکان دەکرێتەوە
لە سلێمانی و بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کارگە و کۆمپانیاکان، سێیەمین خولی پێشانگای (صنع فی العراق) دەست پێ دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی کانوونی دووەمی 2025، ئارام بابان، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "سبەی چوارشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی لە تاسڵوجە، سێیەمین خولی پێشانگای (صنع فی العراق) دەکرێتەوە و ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت".
ئارام بابان ئاماژەی بەوەشدا، پێشانگاکە ڕۆژانە لە کاتژمێر10:00ـی بەیانی بۆ 6:00ـی ئێوارە کراوە دەبێت و دەرفەتێکی زێڕینە بۆ خاوەنکاران تاوەکو براند و کاڵاکانیان بناسێنن. هەروەها هەلێکی باشە بۆ هاووڵاتییان تا ڕاستەوخۆ (بەدەستی یەک) کاڵا بکڕن، و بۆ بازرگانانیش تا ببنە بریکاری کارگە ناوخۆییەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، زیاتر لە هەزار بازرگان لە بەغدا و خوارووی عێراقەوە ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ سەردانیکردنی پێشانگاکە.
لای خۆشیەوە، حسێن حەمە کەریم، جێگری بەڕێوەبەر بۆ پەیوەندییەکان لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایگەیاند: "ئەم پێشانگایە ڕووداوێکی ئابووریی گرنگە و ژمارەیەکی زۆر لە کارگە ستراتیژییەکانی هەرێم و عێراق تێیدا بەشدارن، کە ڕۆڵیان لە پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بازاڕدا هەیە".
جەختی کردەوە، ئەم پێشانگایە دەروازەیەکە بۆ دروستکردنی پەیوەندیی بازرگانیی بەهێز، ئاڵوگۆڕی ئەزموون، ڕەخساندنی هەلی کار و واژۆکردنی گرێبەست لەنێوان کۆمپانیا بەشداربووەکاندا.
