ئاڕتی بانک دەستپێشخەرییەک بۆ بەشداربووانی پرۆژەی هەژماری من رادەگەیەنێت

ئاڕتی بانک دەستپێشخەرییەکی نوێی بۆ ئاسانکاری لە پرۆسەی راکێشانی پارە و خزمەتگوزارییە بانکییەکان راگەیاند، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی بارگرانییە لەسەر هاووڵاتییان و بەتایبەتی سوودمەندانی پرۆژەی هەژماری من.

شەممە، 7ـی ئاداری 2026، تیمی ئارتی بانک تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: لە ئەمڕۆوە تاووەکو کۆتایی ئەم مانگە، هەر هاوبەشێکی بانکەکانی دیکە ئەگەر ئامێرەکانی راکێشانی پارەی (ATM) سەر بە ئاڕتی بانک بەکار بهێنێت، هیچ بڕە پارەیەک وەک عمولە لە کارتەکانیان ناڕوا.

 ئەم بڕیارەی ئاڕتی بانک، هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە کارتی بانکە جیاوازەکانیان هەیە و دەیانەوێت لە رێگەی ئامێرەکانی ئەم بانکەوە پارە رابکێشن.

ئاڕتی بانک ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە بە تایبەتی بۆ هاوکاریکردنی بەشداربووانی پرۆژەی هەژماری منـە لەم بارۆدۆخەی جەنگدا، تاوەکوو بتوانن بە ئاسانترین شێوە و بەبێ تێچووی زیادە دەستیان بە مووچەکانیان بگات.

هەر لە چوارچێوەی ئەم دەستپێشخەرییەدا، بانکەکە بڕیاریداوە، هەر کەسێک لەم مانگەدا سەردانی لقەکانی ئاڕتی بانک بکات بە مەبەستی کردنەوەی هەژماری بانکی، کارتە بانکییەکەی بە خۆڕایی بۆ دەردەکات.