پارێزەری ترەمپ: بەڵگەكانی ساختەكاری لە ھەڵبژاردنەكان دەخاتە بەردەم میدیا

ھەموو دەنگەکانیان بۆ بایدن ھەژمار کردوون

K24 – ھەولێر:

روودی جولیانی، پارێزەری ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا چەندین بەڵگەی خستەڕوو و رایگەیاند: ساختەکارییەکی زۆر لە ھەڵبژاردنەکاندا کراوە.

لەگەڵ تیمی کەمپەینی ترەمپ روودی جولیانی پارێزەری ترەمپ، بەڵگەی چەند کارمەندێکی بنکەکانی دەنگدانی لە فێلادێلفیا و پیتسبێرگ و دیترۆیت و چەند شوێنێکی دیکە خستەڕوو، کە دەریدەخات ئەو کارمەندانەی دەنگەکانیان ژماردوون لە بەرژەوەندی بایدن کاریان کردووە و ھەموو دەنگەکانیان بۆ بایدن ھەژمار کردوون.

لە بەڵگەیەکی دیکەدا ھەندێک کەس زیاتر لە جارێک دەنگیانداوە، بەپێچەوانەشەوە زۆرێک کاتێک چوونەتە بنکەکانی دەنگدان پێیانگوتراوە ئێوە دەنگتان داوە، واتە کەسانی دیکە لەجیاتی ئەوانیش دەنگیان داوە.

جولیانی ھێرشی توندی کردە سەر میدیا و بەوە تۆمەتباری کردن، کە بەردەوام دەڵێن: تیمی ترەمپ ھیچ بەڵگەیان نیە.

پارێزەرەکەی ترەمپ ھەموو بەڵگەکانی خستە بەردەم میدیا و گوتی: لەمەودوا ھەر میدیایەک بڵێت بەڵگەی ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا نییە درۆ دەکات.