پارێزگاری هەولێر: دۆخی گوندی لاجان ئارام بووەتەوە

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، ئەو گرژییانەی لە گوندی لاجان دروست بوون، ئامانجدار بوون و بەهۆی چەواشەکاریی میدیاییەوە دۆخەکە ئاڵۆز کرا، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە تەواو ئارام بووەتەوە و دانیشتووانی گوندەکە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

پارێزگاری هەولێر لە کۆنفراسنێکی ڕۆژنامەوانیدا، ستایشی ڕۆڵی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کرد کە، سەرەڕای هەوڵەکان بۆ دروستکردنی پشێوی، بەشێوەیەکی هێمن و لەسەرخۆ مامەڵەیان کردووە. 

هاوکات جەختی کردەوە لەوەی، ڕێکاری یاسایی توند بەرانبەر هەموو ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە دەستیان لە سووتاندنی فەرمانگەکان، داخستنی ڕێگە گشتییەکان و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکەدا هەبووە.

سەبارەت بە هۆکارەکان، ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە دا، ئەو کۆمپانیایەی لە ناوچەکە کار دەکات، خزمەتگوزاریی جۆراوجۆری وەک قوتابخانە، بنکەی تەندروستی و ئاوی بۆ گوندەکە دابین کردووە و دەیان هەلی کاری بۆ دانیشتووانەکەی ڕەخساندووە.

 بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، هەوڵەکان بۆ تێکدانی دۆخی گوندی لاجان هاوشێوەی ئەو کردە تێکدەرانە بوون کە دەکرێنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر.

لەبارەی زیانەکانەوە، ئاشکرا کرا، لە ئەنجامی ڕووداوەکاندا هاووڵاتییەک گیانی لەدەستداوە و پێنج هاووڵاتی و پێشمەرگەیەکیش بریندار بوون.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکە، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان کەسێکیان دەستگیر کردووە، بەرپرسی کۆمیتەی خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ئومێد خۆشناو گوتی: ئەو کەسە تۆمەتبارە بەوەی سەرەڕای ئەوەی خەڵکی گوندەکە نییە، ڕۆڵێکی سەرەکی لە وروژاندنی ئاژاوەکەدا هەبووە و لە کاتی هەوڵدان بۆ هەڵاتن بەرەو کەرکووک دەستگیر کراوە.

پارێزگاری هەولێر  ئاماژەی بەوەش کرد، بەڵگەی ڤیدیۆیی لەسەر تێوەگلانی ناوبراو لەبەردەستدایە و وەک هەر تۆمەتبارێکی دیکە، ڕێکاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.

لەکۆتایی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکە، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و لە ئایندەیەکی نزیکدا وردەکاریی تەواوی ڕووداوەکە بۆ ڕای گشتی دەخرێتە ڕوو.

 
Fly Erbil Advertisment