ترەمپ: باشترە ئێران خێرا هەنگاو بنێت

سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکی نوێ و زۆر تونددا هۆشدارییەکی بەپەلە و کتوپڕی ئاراستەی تاران کرد و داوای لێکردن بە خێرایی بڕیاری کۆتایی بدەن، پێش ئەوەی هەموو شتێک لەدەست بدەن.

یەکشەممە 17ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) کە ئاڕاستەی سەرکردایەتی ئێرانی کردووە، رایگەیاند: "بۆ ئێران، کات خەریکە تەواو دەبێت (کاتژمێرەکە کەوتووەتە لێدان). باشترە بە خێرایی دەست بە جووڵە بکەن و بڕیار بدەن، ئەگەر نا هیچ شتێکیان لێ نامێنێتەوە."

سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "کات زۆر هەستیارە و جەوهەرییە!"

دۆناڵد ترەمپ، لە رێگەی ماڵپەڕی (Axios) هۆشدارییەکی توند و راستەوخۆی ئاراستەی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و دووپاتی کردەوە کە "کات بۆ ئێران خەریکە تەواو دەبێت".هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئێران پێشنیازێکی باشتر و گونجاوتر بۆ رێککەوتن پێشکەش نەکات، ئەوا "زۆر بە توندی هێرشیان دەکرێتە سەر، زۆر توندتر لەوەی پێشتر بینراوە".

سەرۆکی ئەمریکا،  بەو پێگەیە ئەمریکییەشی رایگەیاند وڵاتەکەی هێشتا خوازیاری گەیشتنە بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران، بەڵام هۆشدارییەکی توندیشی ئاراستەی تاران کرد ئەگەر مەرجەکانی ئەمریکا جێبەجێ نەکەن.

ترەمپ گوتی: "ئێمە دەمانەوێت رێککەوتن بکەین، بەڵام ئێرانییەکان هێشتا لەو شوێنەدا نین کە ئێمە دەمانەوێت. پێویستە بگەنە ئەو ئاستەی ئێمە، ئەگەر نا بە خراپی لێیان دەدەین، منیش دەزانم کە ئەوان ئەوەیان ناوێت."

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا پێیوایە ئێران دەیەوێت رێککەوتن بکات، هەر بۆیە چاوەڕێی پێشنیازێکی نوێ و هەموارکراوە لەلایەن تارانەوە. ترەمپ هیوای خواست کە پێشنیازە نوێیەکە زۆر باشتر بێت لەو پێشنیازەی کە چەند رۆژ لەمەوبەر پێشکەشیان کردبوو و لەلایەن واشنتنەوە رەتکرایەوە.

سەرەڕای هۆشدارییە توندەکانی، دۆناڵد ترەمپ ئامادە نەبوو هیچ وادەیەکی کۆتایی (Deadline) بۆ دانوستانەکان دیاری بکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هێشتا دەرگای دیپلۆماسی بە تەواوی دانەخراوە، بەڵام بژاردەی سەربازی وەک هەڕەشەیەکی جددی لەسەر مێزەکە ماوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو پێگەیە بەرپرسانی ئەمریکا، هەرچەندە ترەمپ دەیەوێت لە رێگەی رێککەوتنێکەوە کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت، بەڵام رەت کردنەوەی داواکارییەکانی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە و سووربوونی تاران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، وای کردووە بژاردەی سەربازی جارێکی تر ببێتەوە بە ئەولەویەت.

چەند سەرچاوەیەکی فەرمی بە ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، بڕیارە رۆژی سێشەممە، ترەمپ لە (ژووری ئۆپەراسیۆنەکان) کۆبوونەوەیەکی باڵا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی دەکات، بە مەبەستی تاوتوێکردنی بژاردە جیاوازەکانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران.

هەروەها هەر ئەمڕۆ پێگەی هەواڵی ئەکسیسۆ لە زاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەشی داوە، ناتانیاهۆ و ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکەدا پرسی ئێرانیان تاوتوێ کردووە.

هەروەها ترەمپ بە کەناڵی ئیسرائیل 13ـی راگەیاند، دەبێت ئێران ئێستا لە باردۆخەکە و ئەوەی روودەدات بترسێت.

سەرهەڵدانی جەنگی ئێران

رۆژی 28ـی شوباتی 2026، ئیسرائیل و ئەمریکا دەستیان کرد بە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی هاوبەشی سەربازی بۆ سەر ئێران.

ئەم هێرشانە سەدان ئامانجی سەربازی، دامەزراوەی مووشەکی، بەرگری ئاسمانی و ناوەندەکانی سەرکردایەتیان لەو وڵاتە کردە ئامانج. لە ئەنجامدا رێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی و دەیان سەرکردە و فەرماندەی سەربازیی ئێران کوژران.

لە وەڵامی هێرشەکان، رۆژانە سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو، هەرێمی کوردستان و عێراق.

لە درێژەی جەنگەکەدا، ئێران گەرووی هورمزی داخست، کە نزیکەی 20%ی نەوتی جیهان تێیدا دەگوازرێتەوە و هێرش کردە سەر کەشتییەکان. ئەمە بووە هۆی قەیرانێکی گەورەی ئابووری جیهانی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

ئەمریکاش لە وەڵامی داخستنی گەرووەکە، گەمارۆی دەریایی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران، کەشتییەکانی دەچوونە ناو بەندەرەکانی ئێران دەگرت یان دەیانگەڕاندەوە. ئەم دوو گەمارۆیە پێکەوە هورمزیان بە شێوەیەکی بەرچاو داخست و بووە هۆی زیانێکی گەورەی ئابووری.

جەنگەکە 40 رۆژی خایاند؛ دواتر بە نێوەندگیریی پاکستان ئاگربەستێکی کاتی راگەیەنرا و گرژی و ئاڵۆزییەکان وەستان.

هەرچەندە گەڕێکی ڕاستەوخۆی دانوستانەکان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەچووە و بەرپرسانی هەردوو وڵات ڕۆژانە پەیام ئالوگۆڕ دەکەن، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.