هەوڵەکان بۆ لادانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق چڕدەبنەوە

لە نێو پەرلەمانی عێراق، جووڵەیەکی بەرفراوان لەلایەن چەندین فراکسیۆنی جیاوازی شیعە، سوننە و پێکهاتەکان دەستی پێکردووە بە مەبەستی دروستکردنی بەرەیەکی ناڕازی دژی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری یەکەمی، بەهۆی ئەوەی تۆمەتبار دەکرێن بەوەی "پیشەییانە" کار ناکەن.

یەکشەممە 17ی ئایاری 2026، کلدۆ رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنی (سۆیانا) لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "زۆرینەی فراکسیۆنەکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە ئەدای سەرۆکی پەرلەمان و جێگری یەکەم، یاسایی، دەستووری و پیشەیی نییە."

ناوبراو ئاشکرای کرد، پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی عەزم و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لەسەر هێڵن بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر سەرۆکایەتیی پەرلەمان، چونکە بە گوتەی ئەو "سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە ئارەزووی کەسی و حزبی مامەڵە دەکەن و پەرلەمانیان کردووەتە سەکۆیەکی حزبی."

هەر لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکاندا، کلدۆ رەمزی ئاماژەی بەوە کرد، پێویست بوو کاندیدی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران یەکلایی بکرێتەوە، چونکە پێشتر عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران بەڵێنی دابوو ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە، بەڵام بە گوتەی رەمزی "بەداخەوە بەڵێنەکەی جێبەجێ نەکرد."

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بڕیارە رێکارە جددییەکان بۆ لادانی سەرۆکی پەرلەمان بۆ دوای جەژنی قوربان دوابخرێن. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، لادانی سەرۆک پێویستی بە دەنگی زۆرینەی رەها (50+1) هەیە، کە دەکاتە 166 پەرلەمانتار.

ئێستا ئەو بەرە ناڕازییەی کە لە (دەوڵەتی یاسا و عەزم) پێکهاتووە، زیاتر لە 140 کورسییان هەیە، ئەوەش بەبێ ئەژمارکردنی دەنگی فراکسیۆنی کریستیانەکان و لایەنە ناڕازییەکانی تر، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەبەردەم مەترسییەکی جددیی لاداندایە

هەروەها دوێنێ شەممە 16ی ئایاری 2026، سەڵاح دلێمی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی عەزم، میوانی باسی رۆژی کوردستان24 بوو ڕایگەیاندبوو، ئەوان تانە لە رێکارەکانی دەنگدان بە کابینەکەی زەیدی دەگرن و پەنا بۆ دەسەڵاتی دادوەری دەبەن؛ ئاشکراشی کردبوو، دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی واژۆ لە ناو پەرلەمان بۆ لابردنی سەرۆکی پەرلەمان، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوەندی یاسادانان.