پێداچوونەوە بە کرێی خزمەتگوزاری پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دەکرێت
بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە گلەیی دانیشتووانی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و ڕێگریکردن لە دیاریکردنی نرخ لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بە ئارەزووی خۆیان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری پێداچوونەوە بە نرخی خزمەتگوزاریی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دەدات.
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی بازرگانی و شارەوانی، هەشت لیژنەی تایبەتمەندیان پێکهێناوە. ئەرکی سەرەکیی ئەم لیژنانە پێداچوونەوەیە بە پارەی خزمەتگوزاریی یەکەکانی نیشتەجێبوون شوقە و شارەکان و کەمکردنەوەی ئەو نرخانەی کە بەرزن و لەگەڵ خزمەتگوزارییەکاندا یەک ناگرنەوە.
بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون گلەیی ئەوە دەکەن کە نرخی خزمەتگوزارییەکان زۆرە و کۆمپانیاکان بەبێ ڕەچاوکردنی دۆخی دارایی و کوالێتی خزمەتگوزاری، نرخ دیاری دەکەن. هاووڵاتییان داواکارن حکوومەت و پارێزگاکان چاودێریی ئەم کەرتە بکەن و نرخێکی جێگیر و گونجاو دابنێن کە لە بەرژەوەندیی هەر دوو لا بێت.
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لیژنەکان دەستبەکار بوون و بە شێوەیەکی بەردەوام کار دەکەن. ئاشکرای کرد، میکانیزمی دیاریکردنی نرخەکان پشت دەبەستێت بە چەند پێوەرێک، لە وانە: گونجاندنی نرخ لەگەڵ داهاتی دانیشتووان بۆ ئەوەی نەبێتە بارگرانی.
هەروەها پێوەرێکی دیکە بریتییە لە، پاراستنی کوالێتی پرۆژەکان، چونکە بیناکان و خزمەتگوزارییەکان وەک سەوزایی و پاککردنەوە، پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و ئیدارەدانی بەردەوام هەیە تا سیمای شارەکان تێک نەچێت.
بڕیارە ئەم پرۆسەیە لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت. لە هەر شوێنێک نرخی خزمەتگوزارییەکان بەراورد بەو خزمەتەی پێشکەش دەکرێت زیاد بێت، کەم دەکرێتەوە و نرخەکان بەپێی تایبەتمەندیی پرۆژەکان ڕێک دەخرێنەوە.
