بایدن: بڕیارم دا كێ دەكەمە وەزیری گەنجینە

بەڵێنیدا لەم نزیكانە ناوەكەی ئاشكرا دەكات

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا، جۆزێف بایدن، دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاند، بڕیاری داوە كێ پۆستی وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا دەگرێتە دەست لە ئیدارەی داھاتووی خۆیدا و بەڵێنیدا لەم نزیكانە ناوەكەی ئاشكرابكات.

بایدن لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ فەرمانڕەواكانی ژمارەیەك لە ویلایەتەكانی ئەمەریكا گوتی: لەم نزیكانە گوێتان لە بژاردەی من دەبێت بۆ پۆستی وەزارەتی گەنجینە". جەختیشیكردەوە لەوەی كاندیدەكەی ئەو لای ھەموو دیموكراتەكان قبووڵكراو دەبێت.

گوتیشی: "ئێمە ئەم بڕیارەمان دا و پێش یان پاش جەژنی سوپاسگوزاری پێتان دەیناسێنین" كە ئەمەریكاییەكان لە 26 تشرینی یەكەم ئاھەنگی ئەو جەژنە دەگێڕن.

پێشتر سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان رایانگەیاندبوو، لەوانەیە بژاردەكەی بایدن، خاتوو لایل بێرنارد بێت، كە  تەمەنی 58 ساڵە و تاكە ئەندامی دیموكراتییەكانە لە لیژنەی سیاسەتەكانی دراوی لە یەدەگی فیدراڵی.