ڕووسیا و ئەمەریکا لەبارەی خاکی ئۆکرانیا نەگەیشتنە ڕێککەوتن
کرێملن ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی نێوان ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەردەوام بووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ "یەکلاییکردنەوەی" چارەنووسی خاکە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا.
یوری ئوشاکۆڤ، ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی کرێملن، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بە خاکە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا گوتی: "تا ئێستا نەگەیشتووینەتە ڕێککەوتن، بەڵام دەکرێت گفتوگۆ لەسەر هەندێک لە پێشنیازەکانی ئەمەریکا بکرێت."
ڕوونیشیکردەوە، "گفتوگۆکان زۆر بەسوود و بنیاتنەر بوون"، بەڵام هێشتا کاری زۆر ماوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
هەروەها مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ فۆکس نیوز گوتی: "ئەوەی هەوڵمان بۆ داوە پێم وایە هەندێک پێشکەوتنمان بەدەستهێناوە، بەڵام دەبێت بزانین ئۆکرانییەکان دەتوانن چۆن مامەڵە بکەن بۆ ئەوەی گەرەنتی ئەمنییان پێ ببەخشرێت"، ئاماژەی بەوەشدا، ئەمەریکا هیواخوازە ڕێککەوتنەکە ڕێگەیان پێ بدات نەک تەنیا ئابوورییەکەیان بنیات بنێنەوە، بەڵکو وەک دەوڵەتێکیش گەشە بکەن.
سەرچاوەیەکی ئۆکرانی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، دوای ئەم کۆبوونەوەیە لەگەڵ ڕووسەکان لە مۆسکۆ، ڕەنگە ستیڤ ویتکۆف و جێرد کوشنەر ڕۆژی چوارشەممە لە ئەورووپا لەگەڵ شاندێکی کیێڤ کۆببنەوە.
لەلایەکی دیکەوە پوتن دەڵێت، ئەورووپییەکان "کۆسپ دەخەنە بەردەم" هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ، دەشڵێت، ئەگەر ئەورووپا ئەوەی دەوێت، ئەوا ئێمەش ئامادەین.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە جەختی کردەوە، چارەسەری ناکۆکییەکان لە ئۆکرانیا بابەتێکی ئاڵۆزە. گوتیشی: "دۆخەکە ئاسان نییە، باوەڕم پێ بکەن."
لە لایەکی دیکەوە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، مۆسکۆی تۆمەتبار کرد بەوەی دانوستانەکان دەقۆزێتەوە بۆئەوەی هەوڵی لاوازکردنی ئەو سزایانەی بەسەریدا سەپێنراون بدات.
ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچن کە هێزەکانی ڕووسیا بەردەوامن لە فشارەکانیان بۆ سەر ئۆکرانیا.
لە پلانە سەرەتاییەکەی ترەمپ بۆ ئاشتی ئۆکرانیا و ڕووسیا، هاتووە، نابێت ئۆکرانیا بە شێوەیەکی هەمیشەیی ببێتە ئەندامی ناتۆ، هەروەها ژمارەی سوپاکەی بە 600 هەزار سەرباز سنووردار دەکرێت، هاوکات هەرێمی دۆنباس ڕادەستی ڕووسیا بکرێتەوە و دەبێت کیێڤی لە ماوەی 100 ڕۆژدا هەڵبژاردن بکات.
لە شوباتی 2022، هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستیپێکرد، بەهۆیەوە سەدان کیلۆمەتری خاکی ئۆکرانیای داگیرکرد و دەیان هەزار کەسیش کوژراون و بریندار بوون، جگە لەوەی ژێرخانی ئۆکرانیای وێران کردووە.
