میلیشیاكانی عه‌سائیب: كۆتایی بە "ئاگربەست" لەگەڵ ئەمەریكاییەكان ھات

سەركردەی "عەسایب ئەھلولحەق": ئاگربەست مەرجەكانی خۆی نەپێكا

K24 – ھەولێر:

قەیس خەزعەلی، سەركردەی گرووپی چەكداری "عەسایب ئەھلولحەق"، كە  گرووپێكی ژێر چەتری "حەشدی شەعبی"یە لە عێراق، دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاند، "ئاگربەستی گرووپە چەكدارەكان لەگەڵ لایەنی ئەمەریكایی كۆتایی ھات".

لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمی عێراق، خزعەلی گوتی: "كۆتاییھاتنی ئاگربەستی گرووپەكان دوای كۆتاییھاتنی ھەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا ھات، ئەمە جگە لەوەی ئاگربەستەكە ئەو مەرجانەی خۆی نەپێكا، كە لەسەر بنەماكانی راگەیەندرابوو".

خەزعەلی گوتیشی: ئەو مەرجانەی دانرابوون بۆ راگرتنی كردەوە سەربازییەكان بریتی بوون لە "نەھێشتنی ھیچ بنكەیەكی سەربازی  بیانی لە وڵاتدا و عێراق خاوه‌نی سەروەری خۆی بێت به‌سه‌ر زه‌وی و ئاسمانه‌كه‌یدا، لەگەڵ ھەبوونێكی تەكنیكی (ئەمریكایی)، كە حكومەتی عێراق دەستنیشانی بكات".

"عەسایب ئەھلولحەق" یەكێكە لە گرووپە چەكدارە شیعەكانی ھەرە دیار و نزیك لە ئێران.

خەزعەلی ئاشكرایكرد، "جیاوازی ھەیە لە دید و بۆچوون لە نێوان گرووپە چەكدارەكاندا لەبارەی بۆردومانكردنی ناوچەی سەوز"، كە بارەگاكانی حكومەت و نێردە دیپلۆماسییەكانی تێدایە، لەوانەش باڵیۆزخانەی ئەمەریكا.

جەختیشیكردەوە لەوەی "خۆی پەیڕەوی ئەو ئاراستەیە دەكات، كە بەباش نازانێت بۆردومانی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا بكرێت".

سێشەممەی رابردوو، ناوچەی سەوز لە ناوەڕاستی بەغدا رووبه‌ڕووی هێرشێكی مووشەكی بووه‌وه‌، كە لە ماوەی 5 ھەفتەدا ئەمە یەكەم ھێرشی لەم جۆرە بوو، دوای ئەوەی كۆمەڵەیەك بەناوی "مقاوه‌مه‌ی عێراق" لە 10ی ئۆكتۆبەری رابردوو، راگرتنی كردەوە سەربازییەكانی دژ بە ھێز و بەرژەوەندییەكانی بیانی بەتایبەتی ئەمەریكا لە عێراق راگەیاند بۆ ئەوەی دەرفەتیان پێبدات بۆ كشانەوەیان لە وڵات.

ھێرشەكە دوای ماوەیەكی كورت ھات لە راگەیاندنی كشانه‌وه‌ی 500 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكایی له‌ كۆی 3000 سه‌رباز، كه‌ له‌ عێراقدان، له‌ لایه‌ن وەزیری بەرگری ئەمەریكا بەوەكالەت، كریستۆڤەر میللەر.

لە سەرەتای ئۆكتۆبەری رابردوو "دەستەی ھەماھەنگی مقاوه‌مه‌ی عێراقی" بەرپرسیارێتی خۆی راگەیاندبوو لە بەئامانجكردنی بەرژەوەندییەكانی بیانی لە عێراقدا، ئەمەش یەكەم راگەیاندنی لەم جۆرە بووە، دوای ئەوەی لە ھەفتەكانی كۆتایی مانگی ئەیلوولی رابردوو ھێرشەكان زیادیانكرد و روونیكردەوە "راگرتنی ھێرشەكان بە مەرجە".

ئەم دەستەیە لە عێراقدا ناسراو نییە، بەڵام بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەكانی عێراق، مەزندە دەكرێت گرووپە چەكدارەكانی شیعە بگرێتە خۆی، لەوانەش: "عەسایبی ئەھلولحەق"، "حزبوڵڵای عێراقی" و "بزووتنەوەی نوجەبا".

واشنتن گرووپە چەكدارە عێراقییەكانی سەر بە ئێران تۆمەتبار دەكات بەوەی لەپشتەوەی ئەو ھێرشانەن كە باڵیۆزخانە و بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا دەكەنە ئامانج.

Fly Erbil Advertisment