دانە گاز: بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر گەڕاوەتەوە ئاستی ئاسایی خۆی
کۆمپانیای دانە گاز ڕایگەیاند، دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەرهەمهێنان گەڕاوەتەوە ئاستیی ئاسایی خۆی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆمپانیای دانەگاز ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، دوای هێرشەکەی ئەم دواییانە، بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە ئاستی ئاسایی خۆی.
ئاماژەی بەوەشداوە، دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان دوای جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی ئەمنیی توندوتۆڵ لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵییەوە دێت.
لە راگایەندراوەکەدا هاتووە، دانە گاز و هاوبەشەکانی، پابەندبوونی خۆیان بە سەلامەتیی کارمەندان و دامەزراوەکانیان دووپات دەکەنەوە، هەروەها بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا و دابینکردنی گازی شل (LPG) بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق.
کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممەی ڕابردوو ، بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە و هەناردەی گاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران. بووە هۆی پچڕانی زیاتر لە 80%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان و بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق.
