دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ زێلینیسکی لە فەرەنسا، ماکرۆن سەردانی چین دەکات

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بۆ ڕازی کردنی سەرۆکی چین دەچێتە بەیژینگ بۆ ئەوەی فشار لە پوتن بکات و کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا بهێنێت.

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە3ی کانوونی یەکەمی2025، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بە سەردانێکی سێ ڕۆژە گەشتی بەیژینگ بکات و چاوی بە هاوتا چینییەکەی بکەوێت، ئەمەش دەبێتە چوارمین سەردانی ماکرۆن بۆ چین.

بە گوێرەی ئەوەی کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئەلیزێ) بڵاویکردووەتەوە، ماکرۆن داوای پشتیوانی لە شی جی پینگ سەرۆکی چین بکات، بۆ ئەوەی هاوکار بێت لە گەیشتن بە ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.

بڕیار وایە کۆبوونەوەکەی ماکرۆن لەگەڵ سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی چین لە هۆڵی گەلی مەزن لە بەیژینگی پایتەخت بەڕێوە بچێت.

سەردانەکەی ماکرۆن لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو، پشت بە چین دەبەستن وەکوو ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش، بۆ فشار خستنە سەر مۆسکۆ بۆ ئەوەی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ڕازی بکات بە ئاگربەست، سەرەڕای جەختکردنەوە لە ڕۆڵگێڕانی یەکلاکەرەوەی چین لە سەرخستنی ئاگربەستەکە.

ڕۆژئاواییەکان، هەمیشە بەیژینگ بە پاڵپشتیکارێکی گرنگ و کاریگەری ڕووسیا لە ڕووی ئابووری و لۆجستییەوە تۆمەتبار دەکەن، بەتایبەت لە ڕێگەی پێدانی کەرەستە پێویستەکانی  بەرگری و سەربازی.

سەردانەکەی ماکرۆن کە سێ ڕۆژ دەخایەنێت، دوای گەشتەکەی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا دێت بۆ پاریس، کە جارێکی دیکە زێلێنسکی داوای پشتیوانی وڵاتانی ئەورووپای لە کیێڤ کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕابەرایەتیی پلانێک دەکات بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment