5 ئاماژەی بارسێلۆنا وادەكات ریال مەدرید بتۆقێت
بارسێلۆنایەكی ترسناك بۆ ئازاردانی نەیارەكانی بەڕێوەبە
یارییەکەی شەوی ڕابردوو بەرامبەر ئاتڵێتیكۆ مەدرید تەنها 90 خولەکی تۆپی پێ نەبوو کە تیێدا بارسێلۆنا سێ خاڵی بۆ کۆی خاڵەکانی لە پێشەنگی لالیگا زیاد کرد؛ ئەو یارییەی بارسێلۆنا بەرامبەر ئاتڵێتیكۆ شەوی ڕاگەیاندنی دەركەوتنی هێزی راستەقینەی كەتەلۆنییەكان بوو، شەوی ترساندنی ریال مەدرید بوو.
ئەو سەرکەوتنە سەرنجڕاکێشەی بلاوگرانا بەدەستی هێنا، پەیامێكی بەهێز بوو بۆ ڕکابەرە سەرسەختەكەی كە ریال مەدریدە، ئاماژەیەكە كە گەڕانەوەی بارسێلۆنا بۆ لوتكە بە رێكەوت و بەخت نەبووە و تیپەكە هەموو ئاماژەیەكی پاڵەوانبوونی تێدایە.
ئەم یارییەی بارسێلۆنا لە دژی ئاتڵێتیكۆ 5 ئاماژەی یەكلاكەرەوەی پیشان دا و بەهۆیەوە ریال مەدرید دەكەوێتە ژێر فشارێكی گەورە.
1- شکاندنی شكۆی زەبەلاحەکان: یەکەم تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە
ئەم یارییە ئاماژەیەكی باش بوو بۆ توانای تیپە گەنجەكەی هانزی فلیك، دەركەوت ئەو تیپە دەتوانێت رووبەڕووی هەموو زەبەلاحەكان بێتەوە، بارسێلۆنا پێشتر بەرامبەر تیپە گەورەكانی وەكو پاریس سانجێرمان، چێڵسی و ڕیال مەدرید دۆڕا، بەڵام سەرکەوتن بەسەر تیپێکی باڵا و خۆڕاگریی ئەتڵێتیکۆ مەدرید بە یەكەم هەنگاو دادەنرێت بۆ گەڕانەوەی ئاستی راستەقینەی بارسێلۆنا، ئەم سەرکەوتنە متمانە بە یاریزانەکان دەبەخشێت کە نەک تەنیا شکست بە تیپەکانی ناوەڕاست و پلە نزمەکان دەهێنن، بەڵکو خاوەنی ئەو کارەکتەرەن كە دەتوانن یانە گەورەكان بكەنە نێچیری ئاسانی خۆیان.
2- سێ گۆڵ لە قەڵای پۆڵایینی ئاتڵێتیكۆ
لە ڕووی ئامارەوە ئەم سەركەوتنەی بارسێلۆنا دەستکەوت و ترساندنە بۆ هەر نەیارێک، بەوپێیەی ئەتڵێتیکۆ مەدرید خاوەنی بەهێزترین بەرگری لالیگایە لەم وەرزە، بە درێژایی تەواوی وەرزەکە تەنیا 11 گۆڵی لێکرا بوو، بەڵام بارسێلۆنا بە یەك یاری 3 گۆڵی لەو یانەیە كرد و زۆرترین هێرشی بردنە سەر تیپە سەختەكەی دیێگۆ سیمیۆنی، ئەگەر لیڤاندۆڤسکی لێدانی پێناڵتی بەفیڕۆ نەدابا دەیانتوانی گۆڵی زیاتریش بكەن، دەركەوت سیستەمی هێرشبەری بارسێلۆنا گەیشتوەتە ئاستی پێگەیشتن و بەجۆرێك نەك لە ئیسپانیا دەتوانێت رووبەڕووی ئاڵۆزترین پێکهاتە و بەرگرییەکانی ئەوروپا بێتەوە.
3- "لە هەموو لایەكەوە چەقو دەوەشێنن"
سێیەمین ئاماژە كە دەبێت چابی ئالۆنسۆ بترسێت، پێكهاتەی بارسێلۆنا چیتر بۆ گۆڵكردن تەنیا بیر لە لیڤاندۆڤسكی ناكاتەوە، ئێستا هەمەچەشنی لەڕووی هێرشبەری بارسێلۆنا دەبینرێت، بەرامبەر ئاتڵێتیكۆ بینیمان هەمووان توانای گۆڵکردن و دروستکردنی جیاوازییان هەیە؛ سیستەمی بەکۆمەڵ پەیڕەو دەكرێت و لە هەموولایەكەوە تیپی بەرامبەر ئازار دەدرێت و لە پشتەوە چەقوی بەردەكەوێت.
4. روحیەت گەڕاوەتەوە و جەستە زامدارەكان سارێژ بوونەوە
سەرەڕای ئەوەی نیگەرانی دروست بووە كە رەنگە پێدری بەهۆی هاتنە دەرەوەی لە یارییەكەی ئاتڵێتیكۆ مەدرید بەهۆی ئازارەوە بۆ دوو یاریی داهاتوو دووربكەوێتەوە، بەڵام بەگشتی تیپەكە دۆخی باشە، گەڕانەوەی رافینیا كۆتایی بە نائومێدییەكان هێنا، لە هەمووی گرنگتر بارسێلۆنا بەبێ فرێنکی دی یۆنگ توانی کۆنتڕۆڵی هێڵی ناوەڕاست بكات، بەمەش بارسێلۆنا پەیامێکی نارد كە ئەوان دەتوانن بەبێ بەشێك لە یاریزانە كاریگەرەكانیش سەركەوتن تۆمار بكەن، کەواتە چی ڕوودەدات کاتێک تیپەکە بە تەواوی هێزەوە ئامادە بێت؟ بەمەش ئەگەر یاریزانە پێكراوەكان هەموویان بگەڕێنەوە و لە گواستنەوەی زستانەیش هەندێك گۆڕانكاری بكەن، رەنگە تیپەكە بە تەواوەتی بگەڕێتەوە سەردەمی جارانی.
5. کاراکتەری پاڵەوان
پێوەری پێنجەم لە هەموویان گرینگترە، لیڤاندۆڤسكی ئەستێرەی یەكەمی تیپەكە لیدانی پێناڵتی لەدەست دا، بەڵام تیپەكە دانەڕما، تیپەكە ئێستا خاوەنی خۆراگرییە بەتایبەتی لەڕووی دەروونییەوە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر هێزی دەروونی یاریزانەكان كە توانیان مێزەكە بەسەر ریال مەدرید ئاواەژوو بكەنەوە و پێشەنگی لالیگا وەربگرنەوە، ئێستا بارسێلۆنا تۆپەکەی خستۆتە ناو گۆڕەپانی ڕکابەرە سەرەکییەکەیەوە، فشار و گرژیی زۆری خستۆتە سەر ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی ریال مەدرید، هەروەها سەلماندی هیچ یانەیەك ناتوانێت لالیگا بباتەوە ئەگەر بە دەروازە و دۆوەخی كەتەلۆنیا نەبڕێت.
