هەولێر و بەغدا بەهاوبەشی وردبینیی داهات و خەرجی دەکەن

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

شاندێکی باڵای دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی گەیشتە هەولێر.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 03ـی کانوونی یەکەمی 2025، شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی، بە مەبەستی وردبینیی داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان، سەردانی هەولێری کرد. ئەم سەردانە بەشێکە لە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق.

شاندەکە ماوەیەک لە پایتەختی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە. تیمەکە بە هاوبەشی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم، پێداچوونەوە بە لیستەکانی داهات و خەرجییەکانی سێ مانگی دووەم و شەش مانگی ڕابردووی هەرێمدا دەکات.

سەردان و وردبینیی هاوبەش، میکانیزمێکی بنەڕەتییە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق (2023، 2024، 2025). بەگوێرەی یاساکە، پێویستە لیژنەیەکی پسپۆڕی هاوبەش لە هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و فیدراڵ پێکبهێنرێت. ئەرکی سەرەکیی لیژنەکە ئامادەکردنی ڕاپۆرتی وەرزییە لەسەر داتاکانی داهات و خەرجیی هەرێم.

پێشتر چەندان جار شاندی هاوشێوە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و وردبینییان لە لیستەکانی مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکاندا کردووە. ئەم هەنگاوانە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ نیشاندانی شەفافیەت و پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکان لێکدەدرێتەوە.

دوای تەواوبوونی کارەکانی، لیژنەکە ڕاپۆرتێکی هاوبەش ئامادە دەکات. پاشان ڕاپۆرتەکە پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ دەکرێت بۆ پەسەندکردنی کۆتایی. ئەنجامی ئەم وردبینییانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی نێوان هەردوولا هەیە

 
 
 
Fly Erbil Advertisment