پڕۆژەی "ئاکرێ ڤیو" کەرتی گەشتیاریی ناوچەکە دەبوژێنێتەوە
کارکردن لە پڕۆژەی گەشتیاریی "ئاکرێ ڤیو" بەردەوامە. پڕۆژەکە بە گەورەترین پڕۆژەی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
ئەم پڕۆژەیە لەسەر ڕووبەری 446 دۆنم زەوی و بە گوژمەی 150 ملیۆن دۆلار لە ناوەندی قەزای ئاکرێ جێبەجێ دەکرێت.
حاتەم هەنارەیی، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، گوتی، "ڕێژەی کارکردن لە پڕۆژەکەدا گەیشتووەتە 20% و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی حەوت ساڵدا بە چوار قۆناغی جیاواز تەواو بکرێت."
پڕۆژەی "ئاکرێ ڤیو" لە شەش بەشی سەرەکی پێکدێت، لەوانە: هۆتێل و مۆتێل، چێشتخانە، پارکی خێزانی، شاری یاری، تەلەفریک و باخچەی ئاژەڵان.
لای خۆیەوە، ئەمین سەلیم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ، ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەکە وەڵامدەرەوەی سەرجەم کەموکورتییەکانی کەرتی گەشتوگوزاری شارۆچکەکەیە.
چاوەڕوان دەکرێت پڕۆژەی "ئاکرێ ڤیو" دوای تەواوبوونی، هەلی کار بۆ نزیکەی 3,500 بۆ 5,000 کەس بڕەخسێنێت. هاوکات توانای لەخۆگرتنی 2,000 گەشتیاری لە یەک کاتدا دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی کەرتی ئابووری و گەشتیاری لە ئاکرێ و ناوچەکە.
شارۆچکەی ئاکرێ بە سروشتە جوان و شوێنەوارە دێرینەکانی ناسراوە. ساڵانە لە بۆنەکاندا، بەتایبەت لە نەورۆزدا، هەزاران گەشتیار ڕووی تێدەکەن. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانی پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاریدا، بایەخێکی تایبەتی بەم ناوچەیە داوە.
پڕۆژەی "ئاکرێ ڤیو" بەشێکە لەو پلانە ستراتیژییە بۆ گۆڕینی ئاکرێ بۆ ناوەندێکی گەشتیاریی گرنگ لەسەر ئاستی ناوچەکە و عێراق. جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، ئاسۆی گەشتر بەڕووی ئابووریی ناوچەکە و ژیانی هاووڵاتییاندا دەکاتەوە.
