لە سلێمانی کچە ژەنیارێکی 10 ساڵانی ڕۆژهەڵات کۆنسێرتێکی ئەنجام دا

دەریا ڕووحی، کچە ژەنیارێکی تەمەن 10 ساڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش و شارەزایانە ئامێری ڤیۆلین دەژەنێت. دەریا وەک ناوەکەی، دەریایەکە لە موزیک و هونەر و بەهرە، بەو هۆیەشەوە لە زانکۆی سلێمانی کۆنسێرتێکی ناوازەی پێشکەش کرد.

دەریا ڕووحی، سەبارەت بەم ئەزموونەی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "هەستێکی زۆر خۆشم هەیە، بەتایبەتی کە پێم وایە ژەنینەکەم زۆر باش بوو. ئەمە یەکەم جارە دێمە سلێمانی، شارەکەم زۆر خۆشویست؛ هەم شارێکی جوانە و هەم خەڵکەکەشی زۆر ڕووخۆشن."

سەبارەت بە پشتیوانیی خێزانەکەی، دەریا گوتی: "دایک و باوکم زۆر پشتیوانیم دەکەن. هەرچەندە باوکم نەیتوانی بێت و لە نزیکەوە ژەنینەکەم ببینێت، بەڵام لە ئێرانەوە وزەی باشی بۆ دەناردم و هانی دەدام کارەکەم بە باشی ئەنجام بدەم، ئەمەش بەڕاستی دڵگەرمی بوو بۆ من."

لەلایەکی دیکەوە فەهیمە ڕەحیمی، دایکی دەریا، باسی لە ماندووبوون و ڕەنجی کچەکەی کرد و گوتی: "کچەکەم لێرە بانگهێشت کراوە و خەریکە بەرهەمی ڕەنجی ئەم چەند ساڵەی دەبینێتەوە. کاتێک دەبینن دێتە سەر تەختەی شانۆ (ستەیج) و ئامێرەکەی دەژەنێت، لە پشت ئەمەوە ڕۆژانێکی پڕ لە زەحمەت، مەشقی دژوار و هاتووچۆیەکی زۆر هەیە."

دایکی دەریا گوتیشی: "لێرەوە سوپاسی مامۆستا ئازیزەکەی، 'ئەمین غەفاری' دەکەم. بۆ ئێمە ساتێکی زۆر خۆشە کاتێک دەبینین ئەنجامی زەحمەتەکانی لەسەر شانۆ دەخاتە ڕوو و بە ژەنینەکەی دڵخۆش دەبین."

 
 
Fly Erbil Advertisment