پەرلەمانتارێکی ڕووسیا: ئۆکرانیا دەیەوێت جەنگەکە بەردەوام بێت
دۆناڵد ترەمپ و تیمەکەی لە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، هەوڵەکانیان چرکردووەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، بەڵام جەنگەکە تاوەکوو ئێستا نەوەستاوە و درێژ بووەتەوە، ڕووسیاش لە کۆنترۆڵکردنی خاکی زیاتری ئۆکراینا بەردەوامە.
لە بارەی لێکگەیشتن و ڕێککەوتنیش، پەرلەمانتارێکی ڕووسی دەڵێت، لە ساڵی 1991ەوە ئۆکرانیا پابەندی رێککەوتنەکان نەبووە.
میخایل دێلیاگین، ئەندامی پەرلەمانی ڕووسیا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند،"دانوستان بابەتێکە و واقیعی ناوچەکەش بابەتێکی دیکە، دەسەڵاتی ئۆکرانیا دەخوازێت جەنگەکە بەردەوام بێت، چونکە ئەگەر ئاشتی باڵبکێشێ، دەسەڵاتدارانی ئێستا لە پۆستەکانیان دووردەخرێنەوە. ترەمپیش دەخوازێت ئاشتی بەرقەرار بێت، بەمجۆرە ئۆکرانیا لەژێر باڵی بەریتانیا دەردەهێنێ و خۆی جڵەوی دەکات، بەڵام بەریتانیا لەڕێگەی دەسەڵاتی ئێستای ئۆکرانیاوە دەرفەت نادات و پشتیوانی دەسەڵاتی ئێستا دەکات بۆ مانەوە، هاوکات کێشە بۆ پرۆسەی دانوستان دروست دەکەن، ئێستا بە هیچ شێوەیەک نە وڵاتە ئەورووپییەکان و نە بەریتانیا ناخوازن ئاشتی باڵبکێشێ. بۆ ئەوەی جەنگ کۆتایی بێت، دەبێت دانوستان لەگەڵ خاوەنی ئۆکراینا بکرێت، واتە لەگەڵ ئەمەریکا و بەریتانیا".
پلانی ئاشتی کە ترەمپ بۆ ڕووسیا و ئۆکرانیای پێشنیاز کردبوو، هەر زوو مۆسکۆ پێشوازی لێکرد و کێیڤیش، بە نیگەرانی و سەرنجی زۆرەوە پەسەندی کرد. ئێستا هەردوولا ئامادەییان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان دەربڕیوە، بەڵام دیار نییە کە ئەمجارە بەچی دەگەن.
ئەلێکسی ئەنپیلۆگەڤ، پسپۆری سەربازی و سەرۆکی دامەزراوەی بنەماکان گوتی، " پێموایە دانوستان، پرۆسەیەکی دوورودرێژ دەبێت، چونکە هەڵوێستی ڕووسیا و ئۆکرانیا لەسەر قەیرانەکە لە کۆمەڵێک بابەتدا تەواو جیاوازن، هاوکات هەڵوێستی ئەمەریکا و ئۆکرانیاش لە کۆمەڵێک خاڵدا ناکۆکی هەیە، ئەگەر پرۆسەکەش دەستپێبکات، ئۆکرانیا هەر زوو ئاستەنگی بۆ دروستدەکات. "
لە درێژەی قسەکانیدا ئەلێکسی ئەوەشی خستە ڕوو، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەم ئاراستەیە گرنگن، چونکە هەڵوێستی ئۆکرانیا زیاتر لەق و لەرزۆکە،هەروەها هەڵوێستی ڕووسیاش لەسەر ئاستی مەیدانی و سەربازی پتەو و جێگیرتر دەبێت، سوپای ڕووسیا لە کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە نزیک دەبێتەوە کە بانگەشەی بۆ کردبوون، بەڵام ئۆکرانیا کارتی بەهێزی بەدەستەوە نییە"
لە کاتێکدا هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و ڕاگرتنی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، سیاسی و پسپۆرانی ڕووس دەڵێن، ڕووسیا لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی بەردەوام دەبێت و لە لایەکی دیکەوە بەریتانیا و ئەمەریکا، کێبرکێیانە لەسەر سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر داهاتووی ئۆکرانیادا.
