وەزیری وزەی ئێران: هەر وڵاتێک ئاو بفرۆشێت لێی دەکڕین

حکوومەتی ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو وشکەساڵییەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، نیازی کڕینی ئاوی وڵاتانی دراوسێیان هەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2025، عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران ڕایگەیاند، "ئەگەر هەر وڵاتێک ئامادەبێت ئاو بفرۆشێت، ئێمە دەیکڕین".

گوتیشی: دانوستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ هاوردەکردنی ئاوی زیادە ئەنجام دراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئێستا هاوردەکردنی ئاو لە بەرنامەی کاردایە. ڕاشیگەیاند،  ئەگەر ئەو وڵاتانە ڕێکبکەون لەسەر فرۆشتنی ئاو بە نرخێکی گونجاو، ئەوا پرۆسەی کڕین دەستپێدەکات.

ئاژانسی هەواڵی 'دی پی ئەی' ئەڵمانی بڵاویکردەوە، ئێران پرسی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانەی کە بڕێکی زۆر ئاوی تێیدا بەکار دێت خستە بەرنامەی کاری خۆیەوە.

زۆربەی وڵاتانی دراوسێی ئێران بەدەست وشکەساڵی و کەمیی ئاوەوە گرفتارن، لەوانە عێراق، ئەفغانستان و ناوچە سنوورییەکانی پاکستان، لە کاتێکدا ئەرمینیا لە باکوور یەدەگی ئاوی تاڕادەیەک زۆری هەیە.

ئێران یەکێکە لە وشکترین وڵاتانی جیهان و شارەزایان لەم چەند ساڵەی دواییدا ئاماژەیان بە کەمبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی باران کردووە، هاوکات وشکەساڵی و دیاردە سەختەکانی دیکەی کەشوهەوا لە زیادبووندایە.

هەروەها پێشتریش سەرۆک کۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان و بەرپرسانی تاران ڕایانگەیاندبوو دەبێت پایتەخت بگوازرێتەوە، چونکە تاران تووشی کەم ئاوییەکی مەترسیدار بووەتەوە.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment