مادورۆ لە ترسی هێرشی ئەمەریکا بەردەوام شوێنی نووستن و ژمارە تەلەفۆنەکانی دەگۆڕێت
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی سەربازیی لە ڤەنزوێلا کردووە، نیکۆلاس مادورۆ سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی مەترسیی جددی بووەتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکانی حکوومەتی ڤەنزوێلا، مادورۆ ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی خۆی بەهێزتر کردووە، کە شوێنی نووستن و حەوانەی خۆی بەبەردەوامی دەگۆڕێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەگەری دەستوەردانی سەربازی ئەمریکا ڕوو لە زیادبوون دەکات.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی لەزاری چەند سەرچاوەیەک بڵاویکردەوە، مادورۆ تووشی حاڵەتی دڵەڕاوکێ بووە، سەرەڕای ئەوەی باوەڕیان وایە کە مادورۆ هێشتا توانای ئەوەی هەیە بەسەر ئەم مەترسییە جددییەدا زاڵ بێت.
حەوت کەسی نزیک لە حکوومەتی ڤەنزوێلا بەبێ ئەوەی ناویان ئاشکرا بکرێت، بە نیویۆرک تایمزیان گوتووە، مادورۆ هەوڵدەدات خۆی لە هێرشی ورد یان ئۆپەراسیۆنی هێزی تایبەت بپارێزێت، بەمەش بەرەدەوام شوێنی نووستن و ژمارەی تەلەفۆنەکانی دەگۆڕێت.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەم خۆپارێزییانەی سەرۆکی وڵاتەکەیان لە مانگی ئەیلوولەوە زیاتر بوونە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمەریکا کەشتییە جەنگییەکانی لە ناوچەکە بڵاوکردەوە و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی کرد.
یەکێک لەو سەرچاوانە بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، بۆ کەمکردنەوەی مەترسی، مادورۆ ڕۆڵی پاسەوانی کوبای لە تیمە ئەمنییەکانیدا فراوانتر کردووە و بوونی ئەفسەرانی هەواڵگری کوبی لەناو دامەزراوە سەربازییەکانی ڤەنزوێلادا بەهێزتر کردووە.
ئیدارەی ترەمپ مادورۆ تۆمەتبار دەکات بەوەی کە سەرکردایەتی "باندێکی تیرۆریستی و ماددە هۆشبەرەکان" دەکات، هەندێک لە بەرپرسانی واشنتنیش دەڵێن، ئامانجیان گۆڕینی ڕژێمە لە ڤەنزوێلا. بەڵام ترەمپ هەڕەشە سەربازییەکانی لەگەڵ ئاماژەدان بە ئەگەری چارەسەری دیپلۆماسی تێکەڵ کردووە، مانگی ڕابردوو بە تەلەفۆن لەگەڵ مادورۆ قسەی کردووە.
