بەڕێوەبەری کارتی نیشتمانی خەبات: سووتاندنی فەرمانگەکەمان دژی بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە
موقەدەم سەمیر سابیر، بەڕێوەبەری کارتی نیشتمانیی قەزای خەبات، چوارشەممە، 4ی کانوونی یەکەمی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئەو کەسانەی ئاگریان لە فەرمانگەکەمان بەرداوە، نایانەوێت کاری خەڵک بەڕێوە بچێت و دژی ئاسوودەیی خەڵکن.
دڵنیاییشی دا "ئەم کردەوانە بە هیچ شێوەیەک لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان ساردمان ناکەنەوە و تاوانباران بە سزای خۆیان دەگەیەنرێن."
موقەدەم سەمیر، ڕاشیگەیاند، کۆمەڵگەی کارتی نیشتمانیی خەبات، سێ فەرمانگە لەخۆ دەگرێت کە بریتین لە، خەبات و ڕزگاری و کەورگۆسک و بە تەواوەتی وێران بووە و هەموو کەلوپەلەکانی نێو کۆمەڵگاکە سووتاون و فایلەکانی فەرمانگەی خەبات تایبەت بە ساڵەکانی 2023-2024-2025 هەموویان لەناوچوونە.
موقەدەم سەمیر ،لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی: بەپێی هەڵسەنگاندنی ئەو لێژنەی کە سەردانی فەرمانگەکەی کردووە، پێویستیمان بە زیاتر لە شەش مانگ دەبێت بۆ ئەوەی بتوانین دووبارە دەست بە کارەکانمان بکەینەوە.
سەبارەت بەو هاووڵاتییانەی کە مامەڵەی خێرایان هەیە، دەتوانن لە تۆماری ناوەندیی مامەڵەکانیان بەڕێ بکەن.
