کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، دەستپێکی قوناغێکی نوێی پەیوەندییەکانە
کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەولێر، دەستپێکی قوناغێکی نوێی ستراتیجی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەولێرە.
سامان سۆرانی، ڕاوێژکاری باڵای کاروباری سیاسی و دیپلۆماسی لە فەرمانگەی پەیوندییەکانی دەرەوە، بە کوردستان24ـی گوت: بە کردنەوەی ئەم کونسوڵخانەیە، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا پێی ناوەتە قۆناغێکی ستراتیجیی نوێ. ئێستا ئەمەریکا وەکوو هاوبەشێکی گرنگ و ستراتیجی دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان.
سۆرانی، گوتیشی: سەقامگیریی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بۆ سیاسەتی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا گرنگە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هاوشانی فراوانکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسیی، پەیوەندییە بازرگانی وئابوورییەکان بە تایبەت لە بواری وزەدا لەگەڵ هەولێر فراوانتر دەکات.
ڕاوێژکاری باڵای فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، جەختی لەوە کردەوە "کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لەسەر ئاستی جیھان بەھۆی سەقامگیری ھەولێر و ھەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانە بۆ فراوانبوونی پەیوەندییەکانی ھەولێر و واشنتن."
بەلای ئەمەریکاوە، ئێستا ھەولێر لە سەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، سەقامگیرترین و ئارامترین پایتەختە.
کاروخ خۆشناو، سەرۆکی ئەنستیتووی توێژینەوەی ئەمەریکی- کوردی، دەڵێت: کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکی لە هەولێر، نیشانەی سەرکەوتنی سیاسەتی دیپلۆماسیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. لە داهاتوودا ئەمەریکا ئێرە دەکاتە ناوەندێکی بڕیار بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئێستا 28 وڵات و نەتەوەیەکگرتوەکان و یەکێتیی ئەورووپا، نوێنەرایەتییان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە؛ بە تایبەت ھەر پێنج وڵاتی ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش، لەنێو ئەم 28 وڵاتەدان.
