ئوسترالیا كەسێك بە تۆمەتی گەندەڵی لە عێراق دەستگیر دەکات

"بەرتیلی بە بەرسانی عێراقی داوە"

K24 ھەولێر

بەھۆی پێدانی بەرتیل و گەندەڵی لە گرێبەستە نەوتییەكانی عێراق، ئوسترالیا كەسێكی دەستگیر كرد و زانیاری لەبارەی ئەو كەسە ئاشكرا دەكرێت.

ئاژانسەكانی هەواڵ له‌ ئوسترالیا بڵاویانکردووەتەوە، پۆلیسی وڵاتەکەیان هاووڵاتییەکیان دەستگیرکردووە، کە کارمەند بووە لە کۆمپانیایەکی نەوتی و دەستی هەبووە لە پێدانی 78 ملیۆن دۆلار وەک بەرتیل بە بەرپرسانی عێراقی، ئەو بەرتیلشی له‌پێناو گەرەنتی کردنی گرێبەستە نەوتییەکان داوە،  بەوەش لە تۆڕی گەندەڵی نێودەوڵەتی تێوەگلاوە.

ئێستا هەریەکە لە ئوسترالیا و بەریتانیا ھەڵەمەتێكیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە عێراق لە گەندەڵی تێوەگڵاون دەستپێكردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا عێراق هیچ کەسێکی دەستگیر نەکردووە له‌و كه‌سانه‌ی بەرتیلیان لە کۆمپانیا بەریتانی و ئوسترالییەکان وەرگرتووە.

رۆژنامەی ستریت تایمز بڵاویکردووەتەوە، پۆلیس ئەندامێکی سەرۆکایەتی کۆمپانیای لایتۆن ئۆف شۆری بۆ کاروباری نەوتی دەستگیرکردووە، کە هەڵگری رەگەزنامەی ئوسترالییە و لە گرێبەستەکانی، کۆمپانیای ئۆنا ئۆیل تێوەگلاوە، ئەو کۆمپایایە بنکەکەی لە مۆناکۆیە، کە دوو لە گەورە بەڕێوەبەرانی جێبەجێکارانی پێشووی ئۆنا ئۆیل ساڵی رابردوو بە پلاندانەری بەرتیل بە چەندین وڵاتی وەک ئازەربایجان و سووریا و عێراق تۆمەتبارکران.

ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی بەوەداوە، ئەو بەرتیلانە قەبارەکەیان 78 ملیۆن دۆلارە و بە بەرپرسانی عێراقی دراون، کە ئامانج لێی گەرەنتیکردنی گرێبەستی نەوتی بووە بۆ دامەزراندنی بۆرییەکی نەوتی کە قەبارەکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار بووە.