چۆپی فەتاح "چاڤێ من"ـی بڵاوکردەوە

چۆپی فەتاح، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی "چاڤێ من" کە بە شێوەزاری کرمانجی تۆمار کراوە، لە رێگەی ڤیدیۆ کلیپێکەوە بڵاوکردەوە.

شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، چۆپی فەتاح بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم بەرهەمە نوێیە لە هۆنراوەی سەلمان سەخمەمییە و ئاوازەکەی لەلایەن هێرش قازییەوە دانراوە. ئەو هونەرمەندە گوتیشی، ئارام حەسەن کاری بەرهەمهێنانی بۆ ڤیدیۆ کلیپەکە کردووە، موحسین سپهری کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجام داوە و پاشێو وێنەگرتنی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ـی لە ئەستۆ بووە.

سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکە، چۆپی فەتاح گوتی: "ئەم بەرهەمە بۆ من تەنیا کارێکی نوێ نییە، بەڵکو بەرهەمێکە کە بە خۆشحاڵییەوە پێشکەشی هەموو ئەو گوێگرانەی دەکەم کە گۆرانیی کوردی و بەتایبەتی شێوەزاری کرمانجییان خۆشدەوێت".

چۆپی فەتاح جەختیکردەوە: "لەو بەرهەمەدا هەوڵم داوە جوانیی شێوەزاری کرمانجی و تایبەتمەندییەکانی بە شێوەیەکی سادە و دڵگیر بگەیەنمە گوێی گوێگران". ئەو هونەرمەندە هیوای خواست گۆرانییەکە بتوانێت پەیوەندییەکی هونەری لەگەڵ هەستی گوێگرانی دروست بکات.

چۆپی فەتاح ساڵی 1983 لە کەرکووک لەدایکبووە و ساڵی 1986 لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کردووە بۆ هۆڵەندا. ساڵی 1990 پەیوەندی بە گرووپێکی کۆراڵەوە کردووە و دواتر بۆ ماوەی دوو ساڵ لە قوتابخانەی دەنگ لە هۆڵەندا درێژەی بە خوێندنی زانستیی مۆسیقا داوە. ساڵی 2000 لە ئەکادیمیای کوردی لە ئەڵمانیا وەرگیراوە و لەو کاتەوە بە شێوەیەکی فەرمی دەستی بە کاری هونەری کردووە.