جۆزێف عۆن: زمانی دانوستان لە بری زمانی شەڕ هەڵدەبژێرین

جۆزێف عون، سەرۆک کۆماری لوبنان
جۆزێف عون، سەرۆک کۆماری لوبنان

سەرۆکی لوبنان، لە دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیرانی لوبنان، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ دانووستان لەگەڵ ئیسرائیل، گوتیشی: ئێمە لە نێوان زمانی شەڕ و دانووستان، بژاردەی دووەم هەڵدەبژێرین. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی کانوونی یەکەمی 2025، جۆزێف عۆن، سەرۆک کۆماری لوبنان، لە کاتی دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی، لەبارەی کۆبوونەوەی لیژنەی دانوستانکار لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل، ڕایگەیاند، شتێکی ئاساییە ئەگەر دانیشتنی یەکەم بەرهەمی زۆر و باشی نەبێت، بەڵام زەمیینە خۆشدەکات بۆ دانیشتنی دووەمی لیژنەکە کە بڕیارە لە ڕۆژی 19ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.

جەختی لەوەشکردووەتەوە، وڵاتەکەی لە نێوان بژاردەی شەڕ و دانوستان بۆ ئاشتی، بە دڵنیاییەوە بژاردەی دووەم هەڵدەبژێرێت.

جۆزێف عۆن، ڕایگەیاند، سیمۆن کەرەم بۆ سەرۆکایەتی شاندی لوبنان بۆ دانیشتنەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەستنیشان کراوە، ئەمەش دوای ڕاوێژکاری نێوان سەرۆکایەتی حکوومەت و نەبییە بەڕی سەرۆکی پەرلەمان و نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیران، سەبارەت بە پێویستی ئەنجامدانی دانوستان لە ناقورە، هاوکات جگە لە کەسانی حکوومی، ئەندامێکی لیژنەکە کەسێکی دیکەی مەدەنی دەبێت، بەڵام ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە.

لێدوانکەی جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان، لە کاتێکدایە کە دانیشتنی یەکەمی لیژنەی دانوستانکاری لوبنان و ئیسرائیل لە یەکەم هەنگاودا نەیانتوانیوە رێککەوتنی کۆنکرێتی لە بارەی گرژییەکانی نێوانیان واژۆ بکەن.

رۆژی چوارشەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2025، شۆش بیدرۆسیان، گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لە لوبنان هەنگاوی سەرەتایە بۆ دروستکردنی بنەمایەک بۆ پەیوەندی و هاریکاری نێوان ئیسرائیل و لوبنان. 

 گوتیشی: ئەم کۆبوونەوە راستەوخۆیە لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان کراوە، وەکو بەوشێک لە هەوڵی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بۆ گۆڕینی ئەو گرژیانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕست هەیە، بە تایبەتی لەگەڵ وڵاتێکی وەکو لوبنان کە ساڵانێکە لەگەڵ ئیسرائیل لە کێشەدایە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیروت، ڕایگەیاندووە، مۆرگان ئۆرتاگۆس، نێردەی تایبەتی وڵاتەکەیان بۆ لوبنان بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کردووە، باڵیۆزخانەکە لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن لەنێوان هەردوولادا. 

تشرینی یەکەمی 2023، حیزبوڵـڵای لوبنان هێرشیکردە سەر باکووری ئیسرائیل و دواتر ئەویش وەڵامیدایەوە، تشرینی دووەمی 2024، هەردوولا ئاگربەستیان راگەیاند، بەڵام ئیسرائیل بەردەوام بووە لە بۆردوومانکردنی باشووری لوبنان، ئەمەش نێوانی هەردوو وڵاتی ئاڵۆزتر کردووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment