ڤلادیمێر پوتن: ڕووسیا دەیەوێت ئەو جەنگەی ڕۆژئاوا دەستی پێکرد کۆتایی بێت
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دەیەوێت کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت کە ڕۆژئاوا لەدژی ڕووسیا ئەنجامیانداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی کانوونی یەکەمی 2025، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، ڕایگەیاند، "روسیا دەیەوێت کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت کە ڕۆژئاوا لە ڕێگەی ئۆکرانیا لە دژی بەڕێوەی دەبات"، ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت لە ئۆکرانیا سەرەتای شەڕێکی نوێ نییە بەڵکو هەوڵێکە بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە.
باسی لەوە کردووە، ڕووسیا هه شت ساڵه هه وڵی چاره سه رکردنی دۆخی ئۆکرانیا به شێوه یه کی ئاشتیانه ده دات.
سەرۆکی ڕووسیا، ئاماژەی بەوەشکرد، " ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، هەوڵەکانی بۆ ئاشتی ڕاگەیاند، بەڵام دواتر دەستیکرد بە دانانی بەرژەوەندی گرووپە ناسیۆنالیستە توندڕەوەکان بەسەر بەرژەوەندی گەلی ئۆکرانیا"، جەختی لەوەشکردووەتەوە، "باشترە دەسەڵاتدارانی کیێڤ درک بەوە بکەن کە دانووستان باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
ئەم لێدوانەی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، دوای ئەوە هات کە جۆزێپی دراگۆنی، سەرۆکی لیژنەی سەربازی ناتۆ، پێشتر ڕایگەیاندبوو، هاوپەیمانیەتیەکەیان بیر لە گرتنە بەری هەڵوێستێکی توندتر دەکاتەوە لە وەڵامی هێرشی ئەلیکترۆنی و کردەوەکانی ڕووسیا.
دراگۆنی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی بەریتانی، ڕایگەیاندبوو، هاوپەیمانی سەربازی ڕۆژئاوا، بیر لە بەهێزکردنی وەڵامدانەوەی خۆی بۆ شەڕ لەگەڵ مۆسکۆ دەکاتەوە، هەروەها گوتوویەتی، "ئێمە لە هەموو شتێک دەکۆڵینەوە، ئەوەی ئێستا بیری لێدەکەینەوە ئەوەیە کە چالاکتر و توندتر بین لەبری ئەوەی تەنیا سەیری ڕووداوەکان بکەین و کاردانەوەمان هەبێت".
لە ماوەی ڕابردوودا بەشێک لە بەرپرسانی وڵاتانی ئەورووپا، ئاماژەیان بەوەک ڕدبوو، تووشی ڕووداوگەلێک بوونە کە بە "جەنگی تێکەڵاو" ناوی دەبەن، هەندێکیان هۆکاری ئەو جەنگەیان بۆ سیاسەتی کارکردنی ئێستای ڕووسیا گەڕاندووەتەوە، ڕووداوەکان بریتی بوون لە، بڕینی کێبڵەکان لە دەریای باڵتیک، هێرشی ئەلیکترۆنی و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە فڕۆکەخانە گەورەکانی ئەورووپای بۆ ماوەیەک لە کارخست.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" ئاماژەی بەوە کردبوو، ، وەڵامدانەوەی ئەورووپییەکان لە هێرشی ئەلیکترۆنیدا دژی ڕووسیا ئاسانتر دەبێت، چونکە زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا خاوەنی توانای هێرشبەرین لە جیهانی ئەلیکترۆنیدا، بەڵام لە وەڵامدانەوەی هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەون لە بەرانبەر هێزی ڕووسیادا ئەرکیان قورس دەبێت و لەوانەیە لەم کارەیاندا سەرکەوتوو نەبن.
سێشەممە 2ی کانوونی یەکەمی 2025، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند،سەرەڕای ئەوە کە هیچ نیازێکمان نییە هێرش بکەینە سەر ئەورووپا، بەڵام ئەگەر وڵاتانی ئەورووپی شەڕیان دەوێت، ئەوا ئێمە هەر ئێستا بۆ ئەو شەڕە ئامادەین.
جەختیشی لەوە دەکاتەوە، هەر کە ئەورووپا دەستی بە شەڕەکە کرد، ئەوە هیچ دەرفەتێک بۆ دانوستان نامێنێتەوە و لەگەڵ هیچ لایەنێک گفتوگۆ ناکەین.
هاوکات لە بارەی ئەو هەلومەرجەی ئێستا هاتووەتە ئاراوە گوتی: ڕووسیا ڕێگە بە ئەورووپییەکان دەدات بگەڕێنەوە بۆ دانوستاندنەکان، ئەگەر واقیعی مەیدانی لەبەرچاو بگرن، ئەگەر چی هیچ کارنامەیەکیان بۆ ئاشتی پێ نییە و دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا دروست بکەن.
ئاشکراشی کرد، ڕووسیا هێرشەکانی بۆ سەر بەندەرەکانی ئۆکرانیا فراوانتر و چڕتر دەکاتەوە، هەروەها ئەگەر لە ئاستەنگ دروستکردن و هێرشکردنە سەر کەشتییەکانمان بەردەوام بێت، ئەوا ڕێڕەوی ئاوی بە یەکجاری بەسەر کیێڤ دادەخەین.
