نزمترین ئاماری تووشبوون بە كۆرۆنا لە سۆران تۆمار كرا

"ھۆكارەكەی رێكارەكانی حكومەت و جێبەجێكردنی رێنماییەكانە"

K24 – سۆران

بەراورد بە ھەفتەیەك لەمەوبەر ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا كەمبووەتەوە و لە سنووری قەزای سۆرانیش نزمترین ئاماری تووشبووان تۆمار كرا.

جەواد مەھدی، بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشیە گوازراوەكان لە سۆران بە كوردستان24ی گوت: "لە ھەفتەی رابردوودا لە كۆی 200 پشكنین، تەنھا 39 كەس لە سۆران تووشی كۆرۆنا بوونە، ئەمە لەكاتێكدایە كە ھەفتەی پێشتر دۆخی سۆران لە رووی تووشبوون بە كۆرۆنا لە دۆخێكی خراپدا بوو ئامارەكان روو لە بەرزبوونەوەبوون، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا ئامارەكان دابەزیون".

گوتیشی: "ھۆكارەكەی رێكارەكانی حكومەت و جێبەجێكردنی رێنماییەكانە لەلایەن ھاووڵاتییانەوە".

بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشیە گوازراوەكانی سۆران، ئاشكراشی كرد: "ئێستا 18 تووشبووی كۆرۆنا لە سەنتەرەكەمان لەژێر چاودێری پزیشكیدان و ھەندێكیان باری تەندروستیان ناجێگیرە، چونكە ئەوانەی دەھێندرێنە لای ئێمە بێگومان ئەوانەن كە پێویستیان بە چاودێری چڕ و ئۆكسجینە".