ڕووداوەکەی هەرمۆتە موسڵمان و مەسیحییەکانی کۆیە زیاتر لێک نزیک دەکاتەوە
لە دیمەنێکی پڕ لە وەفا و مانای پێکەوەژیاندا کە وەڵامێکی شارستانی بوو بۆ دەستە تێکدەرەکان، ئەمڕۆ هەینی 5ی کانوونی یەکەمی 2025 کۆمەڵێک لە مامۆستایانی ئایینیی ئیسلام و کەسایەتییە دیارەکانی شاری کۆیە بە چەپکە گوڵەوە ڕوویان لە گۆڕستانی گوندی هەرمۆتە کرد بۆ دەربڕینی هاوخەمی و سەرکۆنە کردنی ئەو دەستدرێژییەی کرایە سەر گۆڕی مردووانی مەسیحییەکان.
لە بەسەرکردنەوەکەیاندا، مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتییەکانی کۆیە، جەختیان لەوە کردەوە، هیچ هەوڵێکی گێرەشێوێنانە ناتوانێت درز بخاتە نێوان پێکهاتەکانی شارەکە و پرەنسیپە مێژووییەکانی برایەتی لەکەدار بکات.
لەم بارەیەوە قەشە زەیا شابا، قەشەی کڵێسای کۆیە و هەرمۆتە وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیە ڕایگەیاند: ئەم ڕووداوە وەک زەنگێکی بەئاگاهێنانەوە بوو بۆ هەمووان، چونکە ئەگەرچی ئازاربەخش بوو، بەڵام بووە هۆی ئەوەی پەیوەندییە مێژووییە سەدان ساڵییەکەی نێوان موسڵمان و مەسیحییەکانی ناوچەکە قووڵتر و بەهێزتر ببێتەوە و وەک تەلارێک کە بناغەکەی لە بەرد بێت بەرگەی هەر هەوڵێکی تێکدەرانە بگرێت و ڕێگە نەدات هیچ تەوژمێکی لاواز ئەو برایەتییە بڕووخێنێت.
ناوبراو لە پەیامەکەیدا هیوای خواست، ڕووداوی لەم شێوەیە لە هیچ شوێنێکی کوردستان دووبارە نەبێتەوە و داوای لێبووردنی لە کەسوکاری ئەو مردووانە کرد کە گۆڕەکانیان شێوێندراوە، بەو ئومێدەی ئەمە ببێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی لەمەودوا هەمووان زیاتر ئاگاداری یەکتر بن و ئەو پێکەوەژیانە مێژووییە بپارێزن.
