تورکیا.. دابەزینی پلەکانی گەرما و بارینی بەفر ئاستەنگی بۆ هاووڵاتییان دروستکردووە
دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ 10 پلەی ژێر سفر و بارینی بەفر، بووەتە هۆی ئەوەی لە ژمارەیەک پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان، ڕێگای هاتووچۆ سەخت بێت و ئاستەنگی بۆ شۆفێران دروستبێت.
هەینی، 5ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و بارینی بەفرێکی زۆر و دروستبوونی سەهۆڵ و بەستەلەک، مەودای بینین لەسەر ڕێگەی قەرس- ئیدیر کەمبووە و شۆفێران لە ڕێگە دا ڕووبەڕووی گرفت بوونەوە.
پلەکانی گەرما لە شەو دا لە چەند شوێنێک بۆ 10 پلە ژێر سفر دابەزیون، سەهۆڵ لەسەر پەنجەرەی ئۆتۆمبێل و دار و درەخت دروست بووە، بەشێک لە هاووڵاتیان بۆ خۆپاراستن لە سەرما ئۆتۆمبێلەکانیان بە بەتانی داپۆشیوە.
لە پارێزگای ئاگری بەهەمانشێوە، کەش و هەوای سارد و تەم و مژ کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی ئاگری هەبوو.
هەروەها دەریاچەی چڵدر کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای قەرس و ئەردەخان و ڕووبەرەکەی 123 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، بەهۆی سەرماوە سەر ڕووی ئاوەکەی بەستوویەتی.
بەشەکانی کەناری دەریاچەی چڵدر، دەکەوێتە نێوان سنووری پارێزگاکانی قەرس و ئەردەخان، لە نزیک گوندی تاشباشی بەستوویەتی.
لەو بەشانەی دەریاچەکەدا کە نەیبەستووە، مراوی و پەلەوەرەکانی دیکە بەدوای خۆراکدا دەگەڕێن.
ئارزو داشدەمیر، کە خاوەنکارێکی کەنار دەریاچەکەیە، ڕايگەیاند: دەریاچەی چڵدر یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی گەشتیاریی زستانە، دەستی بە بەستن کردووە، ئێمەش وردە وردە دەست بە وەرزی کارکردن دەکەین. دوای ماوەیەکی کەم، گالیسکەکانی سەر سەهۆڵ دەست بە چالاکییەکانیان دەکەن.
