منداڵێکی سێ ساڵان دەبێتە بچووکترین یاریزانی پۆلێنکراوی شەترەنج لە جیهاندا
سارڤاگیا سینگ کوشواها، منداڵێکی هیندییە و تەمەنی تەنها سێ ساڵ و حەوت مانگ و 20ڕۆژە، بوو بە بچووکترین یاریزانی شەترەنج کە ناوی لە پۆلێنی یەکێتیی نێودەوڵەتیی شەترەنج (FIDE) تۆمار بکرێت.
ئەم منداڵە ژمارەی پێوانەیی پێشووی تێپەڕاند کە لەلایەن "ئەنیش سارکار"ی هاونیشتمانییەکەیەوە تۆمار کرابوو، کاتێک ناوبراو لە تشرینی دووەمی ڕابردوودا چووە نێو پۆلێنی یەکێتیی نێودەوڵەتیی شەترەنج و ئەوکات تەمەنی سێ ساڵ و هەشت مانگ و 19 ڕۆژ بوو.
بەپێی ماڵپەڕی یەکێتییەکە، سارڤاگیا کە قوتابی باخچەی ساوایانە لە ویلایەتی "مادیا پرادیش" لە ناوەڕاستی هیندستان، 1572 خاڵی لە یاریی شەترەنجی خێرادا (Rapid Chess) بەدەست هێناوە.
بۆ بەدەستهێنانی پۆلێنی یەکێتیی نێودەوڵەتیی شەترەنج، پێویستە کەسەکە لە یاریزانێکی پۆلێنکراو بباتەوە. پۆلێنکردنەکە بریتییە لە کۆکردنەوەی خاڵ لەسەر بنەمای ئاستی یاریزانی شەترەنجەکە، بەڵام مەرج نییە نوێنەرایەتی پلەبەندییەکی فەرمی بکات.
ماگنوس کارڵسن ڕیزبەندی یەکەمی جیهان، پلەی یەکەمی پۆلێنی یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ شەترەنجی خێرا بەدەستهێناوە بە کۆکردنەوەی 2824 خاڵ.
باوکی یاریزانە هیندییەکە لە لێدوانێکدا کە میدیا ناوخۆییەکان گواستوویانەتەوە گوتی: دەستکەوتەکەی کوڕەکەی "مایەی شانازی و شەرەفێکی گەورەیە"، هەروەها گوتیشی: "دەمانەوێت ببێت بە مامۆستای گەورە (Grandmaster) لە شەترەنجدا".
سارڤاگیا سینگ کوشواها لە سێ یاریزانی پۆلێنکراوی بردەوە، لەو پاڵەوانێتییانەی کە لە ویلایەتەکەی خۆی و ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکە بەڕێوەچوون.
