نێتفلێکس بە بڕی 83 ملیار دۆلار "وارنەر برۆس" دەکڕێتەوە

کۆمپانیای نێتفلێکس لە هەنگاوێکدا کە بە "کۆنترۆڵکردنی هۆڵیوود" وەسف دەکرێت، گەورەترین گرێبەستی لە کەرتی هونەریدا ئەنجام دا و بە بڕی 83 ملیار دۆلار کۆمپانیای "وارنەر برۆس دیسکەڤەری" کڕییەوە، ئەمەش گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە نەخشەی بەرهەمهێنانی سینەمایی و تەلەڤزیۆنی لە جیهاندا دروست دەکات.

هەینی 5ـی کانوونی یەکەمی 2025، نێتفلێکس تایبەت بە بەرهەمهێنان و پەخشکردنی فیلم و زنجیرە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردوووەتەوە، بە بڕی نزیکەی 83 ملیار دۆلار کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فیلم و تەلەڤزیۆنی وارنەر برۆس دیسکەڤەری دەکڕێتەوە،

ئاژانسی فرانس پرێس لەو بارەوە ئاماژەی داوە، ئەم کڕینە دەسەڵاتی نێتفلێکس بەسەر بەدەس تگەیشتنی ئەرشیفێکی فراوانی فیلم و هەروەها خزمەتگوزاریی بەناوبانگی "HBO Max"دا زیاد دەکات.

بە درێژایی دەیان ساڵ، وارنەر برۆس کۆمەڵێک شاکاری سینەمایی وەک "کازابلانکا" و "هاووڵاتی کەین"ی بەرهەمهێناوە، جگە لە بەرهەمە زەبەلاحەکانی دوایی وەک زنجیرەی "سۆپرانۆس"، "یاری تەختەکان - Game of Thrones" و فیلمەکانی "هاری پۆتەر" بەرهەمهێناوە.

تێد ساراندۆس، هاوسەرۆکی نێتفلێکس کە کۆمپانیاکەی خاوەنی بەرهەمە جیهانییەکانی وەک "سترەینجەر سینگس" و "سکوێد گەیم"ە، ڕایگەیاند: "پێکەوە دەتوانین ئەوەی بینەران خۆشیان دەوێت زیاتریان پێ ببەخشین و سەدەی داهاتووی وەک سەدەی چیرۆک گێڕانەوە پێناسە بکەین.

پێشتر گەورەترین گرێبەست لەم جۆرە، کڕینی کۆمپانیای "فۆکس" بوو لەلایەن "دیزنی"یەوە بە بڕی 71 ملیار دۆلار لە ساڵی 2019دا.

بەپێی گرێبەستەکە، نرخی هەر پشکێکی "وارنەر برۆس دیسکەڤەری" بە 27.75 دۆلار دیاری کراوە، کە بەمەش کۆی بەهای خەمڵێنراوی کۆمپانیاکە (بە قەرزەکانیشەوە) دەگاتە نزیکەی 82.7 ملیار دۆلار.

دەیڤد زاسلاڤ، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری وارنەر برۆس دیسکەڤەری لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: گرێبەستەکەی ئەمڕۆ دوو لە گەورەترین کۆمپانیاکانی چیرۆک گێڕانەوە لە جیهاندا کۆدەکاتەوە.

گرێبەستەکە کە بە کۆی دەنگ لەلایەن دەستەی کارگێڕی هەر دوو کۆمپانیاکەوە پەسەند کراوە، بڕیارە لە ماوەی 12 بۆ 18 مانگدا تەواو ببێت.

لای خۆیەوە کاسلین بروکس، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە کۆمپانیای وەبەرهێنانی XTB گوتی: نێتفلێکس ئامانجیەتی کۆنترۆڵی هۆڵیوود بکات.

ئەو شرۆڤەکارە هۆشداریشی دا لە ژمارەیەک کێشەی ئەگەری پەیوەست بە گرێبەستەکە، لەوانە ترس لە دروستبوونی قۆرخکاری (Monopoly) لەلایەن نێتفلێکسەوە دوای ئەوەی دەبێتە خاوەنی "ئیمپراتۆریەتێک لە بواری تەلەڤزیۆن و سینەمادا".

 
Fly Erbil Advertisment