حەماس دەیەوێت لە حوکمڕانی کەرتی غەززە بکشێتەوە
سەرکردەیەکی باڵای بزووتنەوەی حەماس، ڕایگەیاندووە، بزووتنەوەکە بۆ درێژەدان بە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە ئامادە نییە؛ جەختیشی لەوە کردەوە، ئەم هەڵوێستە هەر لە سەرەتاوە پێشنیازی بزووتنەوەکەیان بووە، بۆیە نایەوێت درێژە بە حوکمڕانی غەززە بدەن.
هەینی 5ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئاژانسی هەوڵی"حەدەس" لە زاری سەرکردەیەکی باڵا لە بزووتنەوەی حەماس کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بڵاوی کردووەتەوە، بەزووتنەوەکەیان بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی پەسەند کردووە کە پەیوەندی بە ڕادەستکردنی کەرتی غەززە هەیە بۆ دەسەڵاتێکی تەکنۆکراتی کە لە داهاتوودا حوکمڕانی کەرتی غەززە بکات.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئیسرائیل ئاستەنگ لە بەردەم جێبەجێکردنی کردەیی هەنگاوەکان دروست دەکات، لە کاتێکدا هێزە نێودەوڵەتییەکان تەنیا چاودێری ئاگربەست غەززە دەکەن و بێ ئاگان لەو پێشێلکارییانەی ڕۆژانە ئیسرائیل ئەنجامی دەدات.
هەروەها ڕوونی کردەوە، ڕۆڵی هێزە نێودەوڵەتییەکان بریتی دەبێت لە جیاکردنەوەی لایەنەکان بۆ ڕێگریکردن لە پێکدادان، هاوکات وڵاتانی نێوەندگیری و گەرەنتیکار پاڵپشتی ڕۆڵی چاودێریی هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکەن.
ئەم ڕاگەیاندنەی حەماس لە کاتێکدایە، بەگوێرەی لێدوانی دوو بەرپرسی ئەمەریکی و سەرچاوەیەکی ڕۆژئاوایی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، بە نیازە گواستنەوەی پرۆسەی ئاشتی غەززە بۆ قۆناغی دووەم ڕابگەیەنێت، هەروەها دەیەوێت پێش جەژنی کریسمس پەردە لەسەر پێکهاتەی نوێی حوکمڕانی بۆ کەرتی غەززە لا بدات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەوڵی "ئەکسیۆس" کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوی کردبووە، ئەو دوو بەرپرسە ئەمەریکییە ڕایانگەیاندووە، پێکهێنانی هێزی نێودەوڵەتی و هەیکەلی نوێی حوکمڕانی بۆ غەززە لە قۆناغی کۆتاییدایە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەدا ڕادەگەێنرێت.
