ڕووداوەکەی بازگەی 'بانی مەقان' چۆن دروست بوو؟ شایەتحاڵێک دەیگێڕێتەوە
بەهۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان کۆماندۆی یەکێتی و هێزەکانی ئاسایش؛ بازگەی بانی مەقان داخرا و قەرەباڵغییەکی زۆر دروست بوو.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 06ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵێ و گرژی لەنێوان هێزەکانی کۆماندۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هێزەکانی ئاسایش لە بازگەی "بانی مەقان"ـی نێوان کەرکووک و چەمچەماڵ، بۆ ماوەی کاتژمێرێک ڕێگاکە داخرا و بەو هۆیەشەوە ئاستەنگییەکی زۆری هاتووچۆ بۆ هاووڵاتییان دروست بوو.
شایەتحاڵێک لە شوێنی ڕووداوەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئۆتۆمبێلێکی جۆری "ئۆپرا" کە چوار کارمەندی هێزەکانی کۆماندۆی یەکێتی بە جلی مەدەنی تێدا بووە، لە بازگەی بانی مەقان، لەلایەن کارمەندانی ئاسایشەوە داوای ناسنامەیان لێ کراوە، بەڵام ئەوان ئامادەنەبوون ناسنامە بدەن.
بە گوێرەی قسەی شایەتحاڵەکە، بەهۆی ئەو ڕووداوەوە دەمەقاڵێ دروست بووە و دۆخەکە بۆ گرژی و "دەمەقاڵێ" سەری کێشاوە، بەو هۆیەشەوە کارمەندانی ئاسایش وەک ناڕەزایەتییەک بۆ ماوەی نزیکەی کاتژمێرێک بازگەکەیان بە ڕووی شۆفێراندا داخستووە.
ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە ئۆتۆمبێلەکەی هێزەکانی کۆماندۆ بازگەکەی تێپەڕاندووە و ڕۆیشتوون و ئێستا بازگەکە کراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە هەردوو دیوی هاتن بۆ کەرکووک و ڕۆیشتن بەرەو سلێمانی و چەمچەماڵ ئۆتۆمبێلێکی زۆر کۆبووەتەوە، قەرەباڵغی دروست بووە.
لە ئێستادا هاتوچۆ لەو ڕێگەیە زۆر بە سستی بەڕێوەدەچێت، بە جۆرێک شایەتحاڵەکە دەڵێت: "ئەزمەیەکی وەها دروست بووە کە لە نیو کاتژمێردا تەنها 100 مەتر دەڕۆین و پۆلیسی هاتووچۆ سەرقاڵی ڕێکخستنەوەی ڕێگاکەن."
