خانمە نیگارکێشەکانی شنۆ، بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن
پێنجشەممە، 3ـی کانوونی یەکەم 2025، پێشانگەیەکی وێنەکێشان بە بەشداریی 25 خانمە هونەرمەند، لە شاری شنۆی سەر بە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە و لە لایەن هونەردۆستان و خەڵکی شارەکە بە باشی پێشوازیی لێ کراوە.
بە گوتەی هونەرمەندانی بەشداربوو "یەکەم جارە ئەم پێشانگەیە دەکەنەوە و گەشبینن بەوەی هونەری مۆسیقا، ئەکتەری، نیگارکێشی، فۆتۆگرافی و هونەرەکانی دیکە بەراورد بە پێشتر، بەرەوپێشچوونی زیاتر بە خۆیانەوە ببینن و داوا لە دایک و باوکان دەکەن منداڵەکانیان زیاتر هان بدەن، بۆ ئەوەی هۆگری هونەر ببن. پێشانگەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و هونەرمەندان داوا لە خەڵک دەکەن سەردانی پێشانگەکە بکەن."
سومەییە دەرواژ، ڕاهێنەر و هونەرمەند، بە کوردستان 24ـی گوت: ئەم پێشانگایە بەرهەمی دوو ساڵ هەوڵ و ماندوبوونی گرووپی کچانی ئەم شارەیە، کە 25 خانمە هونەرمەند بەشداریان تێدا کردووە و 195 بەرهەمی هونەری کە بە قەڵەمی ڕەش کاریان لەسەر کراوە نمایش کراون.
سەرگوڵ مورادی، فێرخوازی هونەرییە و زیاتر لە 6 ساڵە لەم بوارەدا کار دەکات، دەڵێت: ئەمە یەکەم پێشانگایە کە دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر، وێڕای مامۆستاکانیان توانیومانە تێیدا بەرهەمەکانمان نمایش بکەین. بەخۆشحاڵییەوە دانیشتووانی هونەردۆستی شنۆ، بە گەرمیی پیشوازیی لە کارەکانمان دەکەن.
لە سەردەمی ئێستادا هونەری مۆسیقا، ئەکتەری، نیگارکێشان و فۆتۆگرافی و هونەرەکانی دیکە بەراورد بە پێشتر بەرەوپیشچوونی بە خۆیەوە بینیوە، هونەرمەندان بەمە گەشبینن و داواش لە دایک و باوکان دەکەن منداڵەکانیان بۆ فێربوونی هونەر هان بدەن.
بابەتی جیاجیا لە تابلۆ نمایشکراوەکاندا دەبینرێ، بە تایبەت وێنەی کەسایەتیی دیار، هونەرمەند و شاعیرانی گەلی کورد، ئەوەش دەرخەری هۆگربوونی گەنجانی ئەو شارە و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بە مێژوو و ناسنامەی کوردستان.
