سوپای پاسداران: مووشەکێکی نوێمان تاقیکردەوە کە دەگاتە ئەوسەری کەنداوی فارس
دەریاوان عەلی ڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، ڕایگەیاند: لە مانۆڕی ئەم دواییەی "ئەقتیدار"، مووشەکێکی بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی تاقیکراوەتەوە کە مەوداکەی لە درێژیی کەنداوی فارس 1375 کیلۆمەتر زیاترە. جەختیشی کردەوە مووشەکەکە خاوەنی تایبەتمەندیی ناوازەیە، لە گرنگترینیان توانای وەرگرتنی فەرمانە دوای هەڵدانی.
تەنگسیری ڕوونی کردەوە مانۆڕەکە لە کەنداوی فارس، ناوچەی "نازعات"، گەرووی هورمز و دەریای عومان ئەنجامدراوە و بە تەواوی ئامانجەکانی خۆی پێکاوە. ئاماژەی بەوەش دا، بەشێک لە تواناکانی هێزی دەریایی لە ماوەی مانۆڕەکەدا نمایش کراون، لەوانە: سیستەمی بەرگریی مووشەکی، مووشەکی سەرزەوی و مووشەکی بالیستیی نوێی "زۆر ورد"، کە ئامادە نەبوو ناوی ئاشکرا بکات.
فەرماندەکەی سوپای پاسداران ئاشکرای کرد، سەرجەم چەکە نوێیەکان بەرهەمی ناوخۆن. هەروەها باسی لەوە کرد هێزەکانیان پێشتر توانیویانە لە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان و کەشتییە ئەمەریکییەکان نزیک ببنەوە و نیشانەیان بگرن "بەبێ ئەوەی ئاشکرا بکرێن". تەنگسیری دووپاتی کردەوە، درۆنەکانیان بەردەوام چاودێریی جووڵەی کەشتییە ئەمەریکییەکان دەکەن لە ناوچەکەدا و بەگوێرەی ئاژانسی تەسنیم، "کۆنترۆڵ و چاودێری لە کەنداوی فارس کراوە".
تەنگسیری هۆشداریدا، هێزەکانی ئەمەریکا "لە ئاوەکانی ئێران نزیک نەبنەوە"، ئەگەرنا هەر سەرپێچییەک دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو تێیدا سەربازانی ئەمەریکی یان بەریتانی دەستبەسەر کران. جەختیشی کردەوە هێزەکانیان بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دەریایی ئامادەن.
ڕاشیگەیاند: سوپای پاسداران "سازش لەگەڵ دوژمنان ناکات" و هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران یان بەرژەوەندییەکانی، "ڕووبەڕووی وەڵامێکی توند دەبێتەوە".
