روبیۆ: ئامانجیان گۆڕینی دەسەڵات بە زەبری هێز نییە
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشدارییەکی توند ئاراستەی تاران دەکات و ڕایدەگەیەنێت، قوڕسترین هێرشەکانمان هێشتا ماون؛ هاوکات جەخت دەکاتەوە ئامانجیان گۆڕینی ڕژێم نییە بە زەبری هێز، بەڵکوو دەیانەوێت توانای مووشەکی و دەریایی ئێران لەناوببەن بۆ ئەوەی جیهان نەکرێتە بارمتە.
دووشەممە 2ـی ئاداری 2026، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە ئەمەریکا لە نوێترین لێدوانیدا ئاشکرای کرد، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان هێشتا لە سەرەتادان و گوتی: قورسترین هێرشەکانی سوپای ئەمەریکا هێشتا لە ڕێگەن و ئەنجام نەدراون؛ قۆناغی داهاتوو زۆر سزادەرتر و توندتر دەبێت.
جەختیشی کردەوە: ئێمە ئامانجی دیاریکراومان هەیە و تا ئەو کاتەی دەگەینە ئەو ئامانجانە بەردەوام دەبین و بەدەستیشیان دەهێنین؛ کاتێک ئەم ئۆپەراسیۆنە تەواو بوو، جیهان دەبێتە شوێنێکی ئارامتر.
ڕوبیۆ ڕایگەیاند، دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشت کە ئیسرائیل پلانی هێرشکردنی هەیە، ئەمەریکا بڕیاریدا بەشێوەیەکی پێشوەختە دەستپێشخەری بکات و هێرش بکاتە سەر ئێران.
لەبارەی هۆکاری پەلەکردن لە ئۆپەراسیۆنەکە، ڕوبیۆ گوتی: ئەم ئۆپەراسیۆنە دەبوایە ئەنجام بدرێت، چونکە ئەگەر ساڵێک یان ساڵ و نیوێکی دیکە تێپەڕیبا، ئێران دەگەیشتە هێڵی پارێزبەندی، واتە دەبووە خاوەنی ژمارەیەکی هێندە زۆر لە مووشەکی کورت مەودا و درۆن، کە کەس نەیدەتوانی هیچ کاردانەوەیەکی هەبێت و ئەو کاتە دەیتوانی تەواوی جیهان بە بارمتە بگرێت.
بەگوێرەی ئامارێک کە ڕوبیۆ خستیەڕوو: ئێران مانگانە زیاتر لە 100 مووشەک بەرهەم دەهێنێت، ئەمە بەراورد بکەن بە توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی بەرگریکار کە تەنیا 6 بۆ 7 دانەیە لە مانگێکدا.
سەبارەت بەوەی ئاخۆ ئامانجی هێرشەکە گۆڕینی ڕژێمە یان نا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ڕوونی گوتی: ئەرکی ژمارە یەک و سەرنجمان لەسەر لەناوبردنی توانای مووشەکە بالیستییەکان و توانای بەرهەمهێنانیانە، هەروەها نەهێشتنی ئەو هەڕەشەیەی هێزی دەریاییان لەسەر کەشتیوانیی جیهانی دروستی کردووە؛ ئامانجەکە ئەمەیە."
سەبارەت بە داهاتووی ئێران گوتی: "ئێمە دڵگران نابین و هیوادارین گەلی ئێران بتوانن ئەم حکوومەتە بڕووخێنن و ئایندەیەکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان بنیات بنێن، زۆرمان پێ خۆشە ئەوە بکرێت، بەڵام ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تەنیا لەناوبردنی توانای مووشەکی و دەریایی ئێرانە."
ڕوبیۆ جەختی کردەوە کە هێرشەکان هەنگاوێکی گرنگ بوون بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری، بەڵام دڵنیایی دا کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە هیچ شێوەیەک بە ئەنقەست قوتابخانەکان ناکاتە ئامانج.
هاوکات هۆشداریدا: دەستەوەستان نابین لە ئاست هێرشەکانی ئێران بۆ سەر فڕۆکەخانەکان و شوێنە مەدەنییەکان.