باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عەممان بە تەواوی چۆڵ کرا

باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عەممانی پایتەختی ئوردن، لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا باری نائاسایی ڕاگەیاند و تەواوی ستافەکەی لە باڵەخانەکە بردووەتە دەرەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی ئاداری 2026، لە ڕاگەیەندراوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکادا هاتووە: وەک ڕێکارێکی خۆپارێزیی توند و لەبەر زۆریی ئاگایی سەرجەم کارمەندانی باڵیۆزخانەکە بە شێوەیەکی کاتی کۆمەڵگەی باڵیۆزخانەکەیان جێهێشتووە."

ئاماژە بەوەش دراوە، بڕیاری چۆڵکردنی بەپەلەی باڵیۆزخانەکە پەیوەندی بە بوونی هەڕەشەیەکەوە هەیە کە ئاراستەی باڵیۆزخانەکە کراوە، بەڵام لە ڕاگەیەندراوەکەدا وردەکاریی زیاتر لەبارەی جۆر و سروشتی هەڕەشەکە نەخراوەتەڕوو.

چۆڵکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئوردن، هاوکاتە لەگەڵ ئەو دۆخە پڕ گرژی و ئاڵۆزییەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، بەتایبەتی دوای ئەو پێکدادانانەی ئەمڕۆ لە بەغدا ڕوویاندا و تێیدا هەوڵی چوونە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا درا، هەروەها پەرەسەندنی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و گرووپەکانی ناوچەکە.

بەپێی پرۆتۆکۆڵە ئەمنییەکانی ئەمریکا، لە کاتی بوونی هەڕەشەی جددی لەسەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانیان، سەرجەم خزمەتگوزارییەکان ڕادەگیرێن و کارمەندەکان دەگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو تا ئەو کاتەی دڵنیایی ئەمنی دەدرێت.