زیاتر لە پێنج هەزار خۆبەخش پەیوەندییان بە ڕیزەکانی سوپای ڤەنزوێلا کردووە
دوای ئەوەی ئەمەریکا هێزەکانی لە کەنارەکانی کاریبی بڵاوکردەوە و هەرەشەی بەکارهێنانی هێزی دژی ڤەنزوێلا کرد، تاوەکوو ئێستا پێنج هەزار و 600 سەربازی ڤەنزوێلی پەیوەندییان بەڕیزەکانی سوپاوە کردووە.
ژەنەراڵ خاڤیێر خۆسێ مارکانۆ لە سەربازگەی فیورتی تیۆنا گوتی: ژمارەی ئەو خۆبەخشانەی پەیوەندی بە هێزە چەکدارەکانەوە دەکەن بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، ئاماژەی بەوەشدا، کاتێک وڵاتێکی خۆسەپێن هەڕەشە لە نیطمان و گەلی ئێمە دەکات، هەزاران گەنج دەچنە ناو هێزە چەکدارە نیشتمانییەکانی بۆلیڤاریا.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، هێزە چەکدارەکانی ڤەنزوێلا نزیکەی 200 هەزار سەربازن ، هەروەها 200 هەزار پۆلیسیشی هەیە.
لە مانگی ئابەوە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بوونی سەربازیی ئەمەریکای لە کەناراوەکانی کاریبی و ئەمەریکای لاتین بەهێزتر کردووە و ڕایگەیاندووە، شەڕی باندەکانی ماددە هۆشبەرەکان دەکات و نیکۆڵاس مادورۆی سەرۆکی ڤەنزوێلاش بە سەرۆکایەتی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان تۆمەتبار دەکات.
ئیدارەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە مانگی ئەیلوولەوە، هێزەکانی ئەمەریکا زیاتر لە 20 بەلەمی قاچاخی ماددە هۆشبەرەکانیان لەناوبردووە و 87 کەسیان کوشتووە.
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی 15 خولەکیدا، مۆڵەتی تەنیا "یەک هەفتە"ـی بە مادورۆ داوە، بۆ ئەوەی خۆی و خێزانەکەی وڵات بەجێبهێڵن. بەگوێرەی سەرچاوەکان، مادورۆ لە بەرامبەر ڕۆشتنیدا داوای "لێبوردنی گشتیی، هەڵگرتنی سزاکانی سەر خۆی و 100 بەرپرسی دیکە و لابردنی سکاڵای دادگای نێودەوڵەتی" کردووە، هەروەها پێشنیازی کردووە دیلسی ڕۆدریگێز بکرێتە سەرۆکی کاتی، بەڵام ترەمپ زۆربەی مەرجەکانی ڕەتکردووەتەوە.
ترەمپ باسی لەوەشکردووە، نیکۆلاس مادورۆ "زیانێکی گەورەی بە ئەمەریکا گەیاندووە"، ئەمەش بە پلەی یەکەم بەهۆی "لێشاوی تاوانباران و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکانەوە کە لە ڤەنزوێلاوە هاتوونەتە ناو ئەمەریکا".
