ئافرەتێکی هەڵەبجە باشترین جۆری ڕووبەهەنار دروست دەکات

لەگەڵ پێگەیشتنی وەرزی هەناردا، جووتیاران و ئافرەتانی شاری هەڵەبجە دەست دەکەن بە دروستکردنی ڕووبە هەنارێکی سروشتی و بەتام کە ناوبانگێکی زۆری هەیە، مەهاباد فەتاح، ئافرەتێکی دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە و ماوەی دەیەیەکە لە نێو باخەکەی خۆیدا ساڵانە ڕووبەهەنار ئامادە دەکات.

مەهاباد باس لەو ماندووبوونە دەکات کە لە پرۆسەی دروستکردنەکەدا هەیە و دەڵێت: "لە کاتژمێر 7ـی بەیانییەوە دەستپێدەکەین تاوەکوو 11ـی شەو، خێزانەکەمان بە هاوبەشی کارەکە دەکەن." بە گوتەی ئەو خانمە، بۆ بەدەستهێنانی نزیکەی چوار دەبە ڕووبەهەنار، پێویستیان بە 20 دەبە ئاوی هەنار هەیە.

سەبارەت بە جۆرەکانیش، مەهاباد ڕوونی کردەوە کە لە هەڵەبجە دوو جۆری سەرەکی هەناریان هەیە؛ "ساڵەخانی" کە تامێکی مێخۆشی هەیە و ڕووبەهەنارەکەی نە ترشە و نە شیرینە، لەگەڵ "هەناری ترش" کە تایبەت بۆ ئەو کەسانە دروست دەکرێت ئارەزووی تامی ترش دەکەن.

بەهۆی کوالێتی و سروشتی بوونی بەرهەمەکەیەوە، کڕیارەکان بۆ ماڵەوە داوای دەکەن، کە هەندێکجار کڕیار هەیە داوای 10 کیلۆ دەکات، ئەم ڕووبەهەنارە وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی بۆ زەڵاتە، برنجی ڕەش، ماسی و مریشکدا بەکار دێت.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل