پێشەوا کاکەیی: رەخنەی شیعری دەبێت لە دڵەوە سەرچاوە بگرێت
پێشەوا کاکەیی، نووسەر و شاعیر، نوێتری کتێبی رەخنەیی بە ناوی "خەیاڵی کاژفڕێدان" بڵاوکردەوە و دەڵێت" رەخنەی شیعر نابێت تەنیا بە چوارچێوەی تیۆرییە باوەکاندا سنووردار بکرێت، بەڵکو دەبێت لە دڵ و هەست و تێگەیشتنی ناخی خوێنەرەوە سەرچاوە بگرێت"
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ی حوزەیرانی 2026، پێشەوا کاکەیی، نووسەر و شاعیر بە کوردستان24ی گوت، "من لەو کتێبە نوێیەم دا، هەوڵمداوە چوارچێوەیەکی نوێ بۆ خوێندنەوە و لێکدانەوەی شیعر بخەمە روو؛ کتێبێک کە تیۆری، گوتار، رەخنە و لێکۆڵینەوەی شیعریی لە ماوەی نێوان ساڵانی 2016 تا 2026 لەخۆ دەگرێت. هەروەها ئەم کتێبە تەنیا کۆمەڵە نووسینێکی رەخنەیی نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە تیۆری ئەدەبی، خوێندنەوەی دەقە شیعرییەکان و هەروەها بەراوردکردنی ئەزموونە جیاوازەکانی شیعر. لە ناو کتێبەکەدا ژمارەیەک گوتاری تایبەت بە شیعر و هونەری دەقنووسین جێگیرکراون و من لە رێگەی تیۆرییە تایبەتەکانی خۆمەوە هەوڵی خوێندنەوەی شیعری ژمارەیەک شاعیرم داوە."
پێشەوا کاکەیی گوتیشی، "گرنگترین بابەتی کتێبەکە بریتییە لە پێشکەشکردنی چەمکێکی نوێ بە ناوی "رەخنەی شیعری ترپەیی". من لەم تیۆرییەدا پێموایە رەخنەی شیعر نابێت تەنیا بە چوارچێوەی تیۆرییە باوەکان سنووردار بکرێت، بەڵکو دەبێت لە دڵ و هەست و تێگەیشتنی ناوەوەی خوێنەرەوە سەرچاوە بگرێت. بۆیە ئەرکی رەخنەگر ئەوەیە بە دڵی خۆی بگاتە دڵی شاعیر، نەک ئەوەی تەنیا دەقەکە بخاتە ژێر دەسەڵاتی چوارچێوە تیۆرییە ئامادەکراوەکان."
ئەو نووسەرە باس لە جۆرێکی دیکەی رەخنەی ناو کتێبەکە دەکات و دەڵێت، "هەروەها ئەم جۆرە خوێندنەوەیە نە ستاییشکردنی شاعیرە و نە هێرش و کینەبازییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە دەنگدانەوەی رۆح و پەیوەندیی نێوان خوێنەر و دەق. لە هەمان کاتدا، من رەخنە لە هەندێک ئاراستەی رەخنەی هاوچەرخ دەگرم، چونکە بە شێوەیەکی زۆر بە تیۆرییە درێژکراو و کڵێشەییەکان پشت دەبەستن و لە گوتاری دەق دوور دەکەونەوە."
پێشەوا کاکەیی ئاماژەی بەوەش دا، "هەروەها دیاردەی لێکدانەوەی ناچاری، لە رەخنەی ئێستادا بەرچاو دەکەوێت؛ دیاردەیەک کە جارێک دەق لە ناوەڕۆک و ئاماژە ئەدەبییەکانی خۆی دوور دەخاتەوە و لەبری ئەوە، بە گوێرەی ئارەزوو و ئەنجامە پێشتر دیاریکراوەکانی تیۆریستەکان لێکدەدرێتەوە."
پێشەوا کاکەیی باسی لەوەش کرد، "خەیاڵی کاژفڕێدان، لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵەیەک لێکۆڵینەوە و گوتاری شیعری لەخۆ گرتووە، هەوڵێکی دیارە بۆ دروستکردنی گفتوگۆیەکی نوێ لەبارەی رەخنەی شیعری و پەیوەندیی نێوان خوێنەر، شاعیر و دەق؛ هەوڵێک کە دەروازەی خوێندنەوەیەکی جیاواز بۆ شیعر دەکاتەوە و گرنگیی زیاتر بە رۆح و هەست و تێگەیشتنی ناوەوەی مرۆڤ دەدات."
پێشەوا کاکەیی، نووسەر و شاعیر، له ساڵی 1984 لە قەڵادزێ لەدایک بووە. تا ئێستا چەندین کۆمەڵە شیعری بڵاوکردووەتەوە و کتێبێکی لێکۆڵینەوەشی نووسیوە و بڵاوی کردووەتەوە و هەروەها کتێبێکیشی لەبارەی شیعرەوە نووسیوە کە لە چوار دیداری قووڵەوە سەرچاوەی گرتووە.