چین پێش کۆتایی ئەمساڵ 10 هەزار رۆبۆت دەخاتە ناو بازاڕی کارەوە
چین بەرنامەیەکی نیشتمانیی گەورەی راگەیاندووە بۆ خێراکردنی بڵاوکردنەوەی رۆبۆتە مرۆییەکان و تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد لە ژینگەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارییدا، ئەمەش وەک هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە دەبینرێت بۆ گۆڕینی ئەم تەکنەلۆژیایە لە نمایشێکی سادەوە بۆ ئامرازی کارکردنی راستەقینە لە کارگە، کۆگا و نەخۆشخانەکاندا.
پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026، بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە لەلایەن وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆژیای زانیاری و لێژنەی سەرپەرشتیکردنی دارایی دەوڵەتی چینەوە دەرچووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت تا کۆتایی مانگی حوزەیران پلانەکانیان پێشکەش بکەن و تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەم راپۆرتی بەرەوپێشچوونەکانیان بدەنە حکوومەت، ئەمەش کەمتر لە 6 مانگ کات دەداتە حکوومەتە خۆجێییەکان و کۆمپانیا حکوومییەکان بۆ سەلماندنی توانای ئەم رۆبۆتانە لە ژینگەی کاردا.
ئەم دەستپێشخەرییە کەرتە جیاوازەکانی وەک پیشەسازی، پشکنین، چاککردنەوە، لۆجستیک، چاودێری تەندروستی و وەڵامدانەوەی فریاگوزاری و کارەساتەکان دەگرێتەوە، پەیژین ئامانجیەتی تا کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە 100 بەکارهێنانی جیاوازی ئاستبەرز بۆ رۆبۆتەکان بدۆزێتەوە و 10 هەزار یەکەی رۆبۆتی لە ناوەندەکانی کاردا بڵاو بکاتەوە.
لەم بارەیەوە، شاو هاو، بەڕێوەبەری تاقیگەی رۆبۆت لە کۆمپانیای "ڤیڤۆ"ی چینی، رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی ئەم سیاسەتە گواستنەوەی پیشەسازییەکەیە لە لۆژیکی نمایشکردنەوە بۆ لۆژیکی ئەرک و دروستکردنی سیستەمێکی وایە کە بتوانێت ئەرکە راستەقینەکان بە وردی جێبەجێ بکات، ئاماژەی بەوەش کرد ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دیاریکردنی ئەوەی ئایا ژیریی دەستکردی بەرجەستەکراو دەتوانێت بە شێوەیەکی بازرگانیی بەرفراوان سەرکەوتوو بێت یان نا.