لە دیوانییە کاری کشتوکاڵی خەریکە لەنێو دەچێت

وشكەساڵی و بێ بارانی ھەزاران دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە پارێزگای دیوانییە وشككردووە و مەترسی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ ھەیە، چونكە ئەو ڕووبارانەی جووتیاران پشتیان پێ دەبەست ئێستا بێ ئاون و بوونەتە ڕێرەوی وشك و لە چاوەڕوانی باران باریندان.

وشکەساڵی ڕووباری غەمماس وشك دەکاتەوە و مەترسی لەناوچوونیش لەسەر هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی دروست بووە، چونکە ئەو ڕووبارەی جووتیاران چەندین دەیە پشتیان پێدەبەست، ئێستا تەنیا ڕێڕەوێکی وشکە و چاوەڕێی هاتنی ئاو دەکات.

حەسەن دیوان شبلاوی، دانیشتووی ناوچەی غەمماس بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند؛ لە بانگەشەکانی وەزیری سەرچاوەکانی ئاو و پارێزگای دیوانییەوە و سەرۆکی ئەنجوومەنەکەی بێزار بووین، ئەمڕۆ غەمماس پێویستی بە یارمەتییە چوار پێنج ڕۆژە ئاو بۆ پێداویستییەکانی مرۆڤیش نییە، موسڵمانان ئاو بۆ مرۆڤیش نەماوە، نە بۆ شوشتن یان خواردنەوە و نە بۆ ئاژەڵەکانیش. ڕێژەی ئاو بووەتە %10 و %0، ئاو نەماوە وێنەکەی بگرن با ئێمە ببینن.

عەلی موسەوی، دانیشتووی ناوچەی غەمماس دەڵێت: بینیمان ئاوێکی کەم دێت، بەدوایدا گەڕاین و بینیمان لە ئاوەڕۆکانی شاری شامییەوە هاتووە، ئاوی ئێمە لە ئاوەڕۆی شامییەوە دێت، ئاومان نەماوە و دۆخمان زۆر خراپە، سوێند بەخوا دەربەدەر بووینە.

وشکەساڵی تەنیا هەڕەشەی لەسەر زەوی دروست نەکردووە، بەڵکو چەندان بنەماڵەی هانداوە کە کاری کشتوکاڵی دەکەن بیر لە کۆچ کردن بکەنەوە و بەدوای سەرچاوەیەکی دیکە بۆ قوتیان بگەڕێن، چونکە نەمانی ئاو واتا نەمانی کشتوکاڵ، لەگەڵ ئەمەشدا تاکە سەرچاوەی داهاتە بۆ زۆرینەی دانیشتووانی ناوچەکە.

ستار جەبار، دانیشتووی ناوچەی غەمماس: "دەڕۆیە نەجەف پێت دەڵێن؛ بۆ لە دیوانییەوە هاتووی و نابێت، دەڕۆیە کەربەلا هەمان قسە دەکەن، بۆ کوێ بڕۆم؟ ئەمە زەلیلییە، واز لە کشتوکاڵ بێنە کشتوکاڵم ناوێت ئاوم بۆ خواردنەوە و بۆ شوشتن دەوێت."

حکوومەتی خۆجێی دیوانییە جەخت دەکاتەوە بڕیاری بەردانەوەی ئاوی بۆ پەسندکراوە، بەڵام ڕێژەکەی کەمە، لە کاتێکدا خەخت لە نەهێشتنی هەموو زیادەرۆییەکان دەکاتەوە تا گەیشتنی ئاو بە هاووڵاتییان مسۆگەر بکرێت.