ئومێد خۆشناو: رێگە نادەین دۆخی بازار بۆ قۆرخکاری بەکاربهێنرێت
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە ناو بازاری شارەکە دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە سنوورەکان کراوەن و 85%ی کاڵا و پێداویستییەکان لە سنوورەکانی دیکەی جگە لە ئێران دەگەنە هەرێم، ئاماژە بەوەش دەکات کە بە لای کەمەوە بەشی 6 مانگ ئازووقە لە کۆگاکاندا هەیە و داوا دەکات هاووڵاتییان بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دوای بەسەرکردنەوەی بازار، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو دۆخە نەخوازراوەی رووی داوە کاریگەریی لەسەر دۆخی بازار کردووە، بەڵام دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدەین کە سنوورەکان دانەخراون. گوتیشی: "تەنیا سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران داخراوە، لە کاتێکدا 85%ی کەلوپەل و پێداویستییە خۆراکییەکان لە سنوورەکانی دیکەوە دێن و هەناردەکردنیان بەردەوامە."
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخەکان، پارێزگاری هەولێر هۆکارەکەی بۆ گرانبوونی نرخی دۆلار گەڕاندەوە و جەختی کردەوە کە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی قۆرخکاری یاخود سوودوەرگرتن لەم دۆخە بەدی نەکراوە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە لە هەر شوێنێک شەڕ هەبێت بازار گران دەبێت و هەندێک بەرزبوونەوەش لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.
ئومێد خۆشناو گوتوشییەتی: "بە لای کەم بەشی 6 مانگ پێداویستییە سەرەکییەکانی ئازووقەمان هەیە و دڵنیایین ئەم دۆخە تا ئەو کاتە بەردەوام نابێت، بۆیە پێویست ناکات هاووڵاتییان نیگەران بن." راشیگەیاند کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە ململانێکان و ئەوەی بۆ حکوومەت گرنگە، تەنیا پارێزگاریکردنە لە خاک و خەڵکی کوردستان.
سەبارەت بە کێشەی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان، پارێزگاری هەولێر روونی کردەوە کە مۆلیدەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە پارێزگاوە نەماوە و تەنیا ئەنجوومەنی مۆلیدەکان ماوە. گوتیشی: "ئەنجوومەنەکە لەگەڵ خاوەن مۆلیدەکان رێککەوتوون کە لە کاتژمێر 5ی ئێوارە تا 6ی بەیانی کارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین بکەن، لەو کاتانەش کە کارەبای نیشتمانی هەبێت مۆلیدەکان دەکوژێنەوە."
ئومێد خۆشناو ئاشکراشی کرد کە بۆ هەر ئەمپێرێک بڕی 5000 دینار دیاری کراوە و ئەم چارەسەرەش بۆ ماوەی 10 رۆژ دەبێت، ئومێدیشی خواست بەر لەو وادەیە کێشەکە بەتەواوی چارەسەر بکرێت.