پاش دوو ساڵ، داری کریسمس لە کەنیسەی 'مەهد'ی بەیت لەحم ڕووناک دەکرێتەوە

لە گۆڕەپانی کەنیسەی 'مەهد' لە شاری بەیت لەحم لە کەرتی ڕۆژئاوا، دوێنێ شەممە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە پیاوانی ئایینی و بەرپرسان و دیپلۆماتکاران و هاووڵاتیان و گەشتیاران، داری جەژنی لەدایکبوون 'کریسمس' ڕووناک کرایەوە.

یەکشەممە، 7ـی کانوونی یەکەم 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لە زاری ماهیر قەناوەتی، سەرۆکی شارەوانی بەیت لەحم، بڵاوی کردەوە "بەخۆشحاڵییەوە، پاش ساڵانێکی پڕ نەهامەتیی، ئەمڕۆ داری جەژنی لەدایکبوونی پیرۆز، لە بەیت لەحم ڕووناک دەکەینەوە." 

قەناوەتی، لە وتارێکدا، پێش داگرساندنی چراکانی ڕازاندنەوەی دارەکە، گوتی: سەرەڕای سەختییە زۆرەکان، ڕووناکی سەردەکەوێت و بەیت لەحم بە ئارامی دەمێنێتەوە و بە ئامێزی کراوە پێشوازیی لە هەمووان دەکات؛ بەم بۆنەیەوە بانگهێشتی هەمووان دەکەم، سەردانی بەیت لەحم بکەن، سەردانی لانکە و کەلەپوور و شارستانەتییەکەی بکەن، چوونکە سەردانەکەتان پاڵپشتییە بۆ ئێمە و پشتیوانیی لەسەقامگیریی ئێمە لەسەر خاکەکەمان دەکات."

سەرۆکی شارەوانیی بەیت لەحم، ئەو پەیامەی کە پاپا لیۆی چواردەیەم، بە بۆنەی ئاهەنگەکانی جەژنی لەدایکبوونەوە بۆی ناردبوو، خوێندەوە و گوتی: چەند ڕۆژ لەمەوبەر، نامەیەکم پێ گەیشت، کە هەڵگری پەیامی ئاشتیی و پشتیوانیی ئازار و هیواکانی گەلەکەمان بوو. نامەکە، لە قەداسەتی پاپای ڤاتیکانەوە بۆ هەموو دانیشتووانی بەیت لەحم نووسراوە؛ ئەمڕۆ بە ئەرکی سەرشانمی دەزانم، بەشێک لەو نامەیە بخوێنمەوە. قەداسەتی پاپا لیۆی چواردەیەم لە نامەکەیدا نووسیویەتی "لە کانگەی دڵمەوە سڵاو و دووعای خێر بۆ شاری بەیت لەحم و هەموو دانیشتووانەکەی بە مەسیحی و موسوڵمانەوە دەنێرم. بۆ کۆتایی ئازارەکانی گەلی فەڵەستین، بە تایبەتی دانیشتووانی غەززە دەپاڕێمەوە."

ڕەمزی خووری، ئەندامی لیژنەی جێبەجێکاری ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین، لە گوتارێکدا گوتی: ئەمساڵ، لە کاتێکدا داری کریسمس ڕووناک دەکەینەوە کە دڵمان لای کەسوکارمان و ڕۆحی شەهیدەکانمانە لە غەززە. 

خووری، گوتیشی: ڕووناککردنەوەی ئەم دارە لە بەیت لەحم، تەنها ئاهەنگێک نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی یەکڕیزیی گەلەکەمان و پەیامی یەکگرتووی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگاکەمانە. 

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل