شەیبانی: کەی ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکان کشایەوە ئینجا ڕێککەوتنی لەگەڵ دەکەین

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا

وەزیری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، کەی ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکان کشایەوە کە لە دوای 8ـی کانوونی یەکەمی 2024 دەستی بەسەردا گرتوون؛ ئینجا ڕێککەوتنی لەگەڵ دەکەن.

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆڕبەندی دەوحە لە قەتەر، گوتی: دەبێت ئیسرائیل دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سووریا و کاریگەری لەسەر پێکهاتەکان ڕاگرێت. سەبارەت بە دۆخی ناوخۆش گوتی: پێویستیمان بە سەقامگیری و ئاسایشە، ئەمەش پەیوەستە بە ئاسایشی ناوچەکەوە.

بە گوتەی وەزیری دەرەوە، سیاسەتی سووریا هاوتەریبە لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتی و بە پشتیوانیی جیهانی سەردەکەوێت، هەروەها وڵاتەکەی پێویستی بە پەیوەندیی هێمنانە و پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە.

دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی 2024 گرووپە چەکدارەکان گەیشتنە دیمەشق و دەسەڵاتی بەشار ئەسەد کۆتایی هات، سوپای ئیسرائیل ئەم بۆشاییە ئەمنییەی قۆستەوە و بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی خۆی، پێشڕەویی کرد بۆ ناوچەی دابڕێنراوی چەک.

 سوپای ئیسرائیل چەندان خاڵی ستراتیژیی لە بەرزاییەکانی جۆلان، قونەیترە و چیای شێخ کۆنترۆڵ کرد، ئەمەش بە پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێککەوتننامەی ساڵی 1974ی نێوان هەردوو وڵات هەژمار دەکرێت و بووەتە هۆی گرژیی دیپلۆماسی لەنێوان حکوومەتی نوێی سووریا و ئیسرائیلدا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل