نوێنەرەکەی ترەمپ: هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە

سەربازێکی ئۆکرانی لە کاتی شەڕدا (وێنە: AFP)
سەربازێکی ئۆکرانی لە کاتی شەڕدا (وێنە: AFP)

نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا، پێیوایە، هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە قۆناغی کۆتاییدایە. هەروەها ئاماژە بەوەش دەدات، دوو خاڵی سەرەکی لە پلانەکەی ترەمپ هەن، هەردوو وڵات لەسەری ناکۆکن.

کیس کیلۆگ، نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا ڕایگەیاند، دوو خاڵ لە پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا کێشەی لە نێوان کیێڤ و مۆسکۆ دروست کردووە، کە بریتین لە داهاتووی هەرێمی دۆنباس بە پلەی یەکەم و پاشان بەڕێوەبردنی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیایە.

نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی، هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە، کە قۆناغێکی سەخت و زەحمەتە. 

لە 21ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پلانێکی 28 خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەنێوان هەردوو وڵات ڕاگەیاند.

لە 24ی شوباتی ساڵی 2022 ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، ئەمەش نیگەرانی ئەمەریکا و ڵاتانی ئەورووپای لێکەوتەوە و بڕیاریاندا بە ڕێگەی دارایی و سەربازییەوە هاوکاریی ئۆکرانیا بکەن.

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 3 ساڵ، تاوەکو ئێستا جەنگ بەردەوامە و بە هەزاران کەس لە هەردوولا کوژراون و بە دەیان هەزاری دیکەش بریندار بوون.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل